رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی، بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 1.4٪ دابەزی و بە 3240 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕیژەی 2.1٪ دابەزی و بە 3248 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت، رۆژی پێنجشەممە بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوی نیشتمانیی خۆیان مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، گران دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ و دابەزینی نرخەکەی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، نزیکبووەتەوە لە رێککەوتن لەگەڵ هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور لەسەر پرسی بازرگانیی نێوانیان.
ئیلیا سپیڤاک، سەرۆکی بەشی داتاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایف)، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانییەکان لەسەر شەڕی بازرگانی کەمبوونەتەوە، ئەوەش پاشەکشەی بە نرخی زێڕ کردووە، بەڵام هێشتا بازرگانان چاویان لە هێدلاین و هەواڵەکانە و چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئاماری نوێ دەکەن."
زێڕ لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی تەشەنەکردنی شەڕی بازرگانی و نادڵنییەکان لە بازاڕە داراییەکان، چەندین جار ئاستی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ