هەولێر دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوانن ئەمڕۆ بەغدا بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکات و ئەوانیش راستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 10 بنێردرێت. هاوکات هۆشداری لەبارەی پلانێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەدرێت بۆ ساڵی داهاتوو.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
سەرچاوەکە گوتی: "هەرکاتێک ئەو داواکارییە گەیشت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ناردنی ئەم پارەیە بەشێکە لە رێکارەکان بۆ ناردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا دابەش نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە لیستی مووچەی مانگی 10 لە 25-11-2025 و لیستی مانگی 11 لە 07-12-2025 رادەستی بەغدا کراون، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ش لە 16ی ئەم مانگەدا نێردراوە.
سەرچاوەکەی رووداو دڵنیایی دا "مووچەی مانگی 10 دێت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکە بە زووترین کات دەنێرێت".
"بۆمبێک بۆ ساڵی 2026"
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 و شێوازی مامەڵەکردن لە ساڵی داهاتوودا، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق "بۆمبێکی بۆ ساڵی 2026 داناوە".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەنجوومەنەکە لەسەر بنچینەی راپۆرتی ئەنجوومەنی دەوڵەت (شوورای دەوڵەت)، داوای پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتی دەکات و دەڵێت "دەبێت 100٪ی داهاتەکە بۆ بەغدا بێت، وەک گومرگ و باج".
دوو رێگە بۆ گرەنتیی مووچەی مانگەکانی 11 و 12
سەبارەت بە مسۆگەرکردنی مووچەی دوو مانگی کۆتایی ئەم ساڵ (تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم)، سەرچاوەکە ئاماژەی بە دوو رێگەچارە کرد:
یەکەم: پرسەکە بکرێتە بەشێک لە کاخەزی دانوستاندنەکان بۆ ساڵی 2026.
دووەم: لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ