لە 5 مانگ دا خەرجیی عێراق لە داهاتەکەی زیاتر بووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش 10% بووە

01-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق 800 ملیار دینار لە داهاتەکەی زیاتر بووە. پشکی هەرێمی کوردستانیش 10%ـی تێکڕای خەرجییەکان بووە. بە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی پار، داهات 16% کەمی کردووە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق، خشتەی خەرجی و داهاتی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ (کانوونی دووەم تاوەکو ئایار) بڵاوکردەوە.
 
%77.8 خەرجی بۆ مووچە بووە
 
تێکڕای خەرجیی راستەقینەی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 46 تریلیۆن و 979 ملیار و 256 ملیۆن و 244 هەزار و 693 دینار بووە.
 
لەو خەرجییە، 43 تریلیۆن و 951 ملیار و 426 ملیۆن و 645 هەزار و 150 دیناری بۆ خەرجیی بەکارخستن بووە، کە 93.5%ی تێکڕای خەرجییەکانی ئەو ماوەیە پێکدەهێنێت.
 
خەرجیی وەبەرهێنان سێ تریلیۆن و 27 ملیار و 829 ملیۆن و 599 هەزار و 543 دینار بووە و 6.5%ـی تێکڕای خەرجییەکان پێکدەهێنێت.
 
خەرجیی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لەو پێنج مانگەدا 36 تریلیۆن و 571 ملیار و 644 ملیۆن و 647 هەزار و 660 دینار بووە، کە 77.8%ی تێکڕای خەرجییەکانی پێکهێناوە.
 
بە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی پار، خەرجییەکان لەمساڵدا 848.1 ملیار دینار کەمی کردووە، کە دەکاتە 0.9%. زۆرترین جیاوازی لە خەرجیدا، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، لە خەرجیی وەبەرهێناندا بووە، کە پار لەو ماوەیەدا 1.9 تریلیۆن دیناری زیاتری بۆ خەرج کرابوو.
 
هەرێمی کوردستان 10%ـی خەرجییەکانی بەرکەوتووە
 
لەم پێنج مانگەدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵی پێنج تریلیۆن و 166 ملیار و 760 ملیۆن و 773 هەزار و 383 دیناری وەک خەرجیی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە. کۆی خەرجیی هەرێمی کوردستان 10.8%ـی تێکڕای خەرجییەکانی عێراق بووە لەو پێنج مانگەدا.
 
داهات 16% کەمی کردووە
 
داهاتی عێراق لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 46 تریلیۆن و 157 ملیار و 110 ملیۆن و 408 هەزار و 761 دینار بووە.
 
لەو بڕە، داهاتی نەوتی 41 تریلیۆن و 930 ملیار و 805 ملیۆن و 332 هەزار و 802 دینار بووە، کە 91%ی تێکڕای داهاتی پێکهێناوە.
 
داهاتی نانەوتی لەو ماوەیەدا چوار تریلیۆن و 226 ملیار و 305 ملیۆن و 75 هەزار و 959 دینار بووە، کە 9%ی تێکڕای داهاتی پێکهێناوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە پێنج مانگی یەکەمی پاردا، داهات 54 تریلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە. بەم پێیە، داهات 16% کەمی کردووە. کەمبوونەوەکە 6.7 تریلیۆن دیناری لە داهاتی نەوت و دوو تریلیۆن دیناری لە داهاتی نانەوتی بووە.
 
خەرجی و داهاتی عێراق لە پێنج مانگدا (کانوونی دووەمی 2025 تاوەکو ئایاری 2025)
 
خەرجی: 46.9 تریلیۆن دینار
 
بەکارخستن: 43.9 تریلیۆن دینار
 
وەبەرهێنان: 3.0 تریلیۆن دینار
 
هەرێمی کوردستان: 5.1 تریلیۆن دینار
 
داهات: 46.1 تریلیۆن دینار
 
داهاتی نەوتی: 41.9 تریلیۆن دینار (91%ی تێکڕای داهات)
 
داهاتی نانەوتی: 4.2 تریلیۆن دینار (9%ی تێکڕای داهات)
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە