رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، 33 هەزار دینار دابەزی. سێ عەیاری زێڕیش لە بازاڕی زێڕنگەران زیادکران.
بەگوێرەی جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە 460 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە 614 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە 716 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 920 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 75 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 125 هەزار دینارە.
رۆژانی هەینی، بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان داخراوە.
بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە، بڕی دابەزینی نرخی هەر مسقاڵێک بەم جۆرەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بڕی 15 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە بڕی 19 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە بڕی 22 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە بڕی 30 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 33 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە بڕی 35 هەزار دینار دابەزیوە.
لە بازاڕەکانی جیهانیشدا، ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ 60 دۆلار دابەزی و بە 5018 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێ.
پێش شەڕی ئێران، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 175 هەزار دینار بوو؛ ئۆنسەیەک زێڕیش بە نزیکەی 5300 دۆلار.
لە رۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا، ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 5400 دۆلاریشی تێپەڕاند، بەڵام دواتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد.
دابەزینی نرخی زێڕ پەیوەستە بە ترس و نیگەرانییەکان لە زیادبوونی هەڵاوسان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەوەش لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێ، کە هەر بەرمیلێکی گەیشتووەتە 103 دۆلار. هۆکاری سەرەکیش شەڕی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمزە.
زیادبوونی هەڵاوسان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ناچار دەکات رێژەی سوودی بانکی بەرزبکەنەوە، یان لانیکەم لە ئاستەکانی ئێستادا جێگیری بکەن و کەمی نەکەنەوە.
لە کاتی ئاساییدا، مانەوەی رێژەی سوود لە ئاستێکی بەرزدا یان بەرزکردنەوەی، وادەکات خستنەڕووی دۆلار سنووردار بێت یان کەمتر بکرێتەوە، ئەوەش نرخی ئەو دراوە بەرزدەکاتەوە. لە بەرامبەریشدا، نرخی کانزاکان، دراوەکانی دیکە و پێنوێنەکان دادەبەزن.
پێش شەڕی ئێران، پێشبینی دەکرا ئەم ساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا دووجار رێژەی سوود کەمبکاتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ناڕوونە.
سێ عەیاری هەرزانتر
پێشتر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، سێ عەیاری جیاوازی هەر مسقاڵێک زێڕ هەبوون، کە عەیار 18، 21 و 22 بوون. پێشتر عەیار 24ـیش هەبوو، بەڵام ئێستا زۆر کەمتر مامەڵەی پێوە دەکرێت وەک لە عەیارەکانی دیکە.
لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە، سێ عەیاری جیاوازی مسقاڵی زێڕ لە لایەن سەندیکای هەولێرەوە زیادکراون، ئەوانیش بریتین لە: عەیار 9، عەیار 12 و عەیار 14.
عەبدوڵڵا ئەکرەم لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەی سەندیکاوە دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی زێڕەوە، عەیاری بچووکتریان زیادکردووە.
گوتیشی، ئەو عەیارانە لە بازاڕی زێڕنگەران بەردەست نین، هیچ وادەیەکی دیاریکراو و بڕیارێکیش نییە بخرێنە بازاڕەوە، بەڵام هاونیشتمانییان دەتوانن لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان داوایان بکەن بۆیان دروست بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ