رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، کاریگەرییەکانی راوەستانی هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز ئێستا دەرناکەوێت و دوای دوو مانگی دیکە هەستی پێدەکرێت. دەشڵێت، حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی دەبات، بۆ پێنج مانگیش لەڕووی داراییەوە عێراق پارێزراوە.
رۆژی شەممە 14ی ئاداری 2026 موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راوەستانی هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز کاریگەریی لەسەر کۆی دۆخی دارایی و ئابووریی وڵات دەبێت، بەڵام ئێستا دەرناکەوێت، چونکە نەوت سەرەتا هەناردە دەکرێت، دواتر نرخەکەی دیاری دەکرێت و داهاتەکەی وەردەگیرێت."
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، کاریگەرییە داراییەکان لەدوای دوو مانگی دیکە، لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی داهاتوو، دەردەکەون؛ چونکە پرۆسەی وەرگرتنی داهاتی نەوت کاتی دەوێت. پێشبینیشی کرد کە جەنگ و ئاڵۆزییەکان ''بە لایەنی زۆرەوە چوار مانگ'' بخایێنێت.
پەنابردن بۆ قەرز و کەمکردنەوەی خەرجییەکان
راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت هیچ چارەسەرێکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە "پەنابردن بۆ قەرزکردن بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و دانەوەی پابەندییە دەرەکییەکان."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "عێراق لەو دوو مانگەدا دەچێتە قۆناخی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی."
''عێراق لە رووی داراییەوە تاوەکو پێنج مانگ پارێزراوە''
سەبارەت بە سەرچاوەی قەرزەکان، مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت، حکومەت پەنا بۆ "قەرزی ناوخۆیی لە بانکەکان دەبات و هاوئاهەنگییەکی تەواو لە نێوان بانکەکان و وەزارەتی داراییدا هەیە، چونکە یەدەگی نەختینەیی عێراق زۆر باشە و رێگە دەدات حکومەت بە ئاسانی قەرز بکات."
موزهر محەممەد ساڵح دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و گوتی، "عێراق لە رووی داراییەوە بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج مانگ پارێزراوە و ئەگەر قەیرانەکە لەو ماوەیەشدا بەردەوام بێت، وڵات زۆر کاریگەر نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ