سۆمۆ: نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان بەشێکە لە پشکى ئۆپێک و قەرزەکان لە رێککەوتنەکەماندا نییە

01-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، رێککەوتنی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئەوەی لەخۆ نەگرتووە کە بەغدا قەرزی کۆمپانیاکانى نەوت بگرێتە ئەستۆ. دەشڵێت، ئەو بڕە نەوتەى بەرهەمى دەهێنن لە چوارچێوەى پشکی دیاریکراوی عێراقە لە رێکخراوی ئۆپێک.

عەلى شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە رایگەیاند، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت، ئەوەیە هەموو بەرهەمی نەوت لە تەواوى کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەی هەناردە و بەکارهێنانى نێوخۆیدا دەبێت.
 
عەلى شەتری بە میدیاى فەرمىی عێراقى راگەیاندووە: "بڕی بەرهەمی نەوتى هەرێمی کوردستان لە پشکی دیاریکراوی عێراق لە رێکخراوى ئۆپێک هەژمار کراوە، بەوپێیە جیاوازییەکە کەم دەبێت، چونکە ئەو نەوتە لە بەکارهێنانى ناوخۆییەوە گۆڕاوە بۆ هەناردەکردن لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە."
 
27ى ئەیلوولى 2025، هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە دەستیپێکردەوە، لەدواى ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023 راگیرابوو.
 
بەڕێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، بەکارهێنانى ناوخۆیی رۆژانەى نەوت لە هەرێمى کوردستان نزیکەی 50 هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا بڕى نەوتى هەناردەکراو نزیکەی 190 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، کە لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەکردندا زیاددەکات، چونکە وەبەرهێنانى کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان زیاد دەکات، بەوەش بڕى هەناردە زیاتر دەبێت.
 
کۆمپانیاکانى نەوت ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەى یەک ملیار دۆلار قەرزى پێشووى بەرهەمهێنانى نەوتیان هەیە و پێیان نەدراوە.
 
سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیاکان، عەلى شەتری گوتى: "رێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکان بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوەى نەکردووە قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایانە لەلاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بخرێتە ئەستۆى حکومەتى فیدڕاڵى."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵکەیەکی نەوت لە بەسرە.

نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 64 دۆلار بەرزبووەوە

چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوتیان لە رۆژی هەینی بە رێژەی 1٪ بەرزکردەوە.