رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 20 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4240 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە پێنج هەفتەی رابردوودا. ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی زێڕ 35 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتبووە 4255 دۆلار.
لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین ئاماری سەندیکای زێڕنگران، نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 725 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 845 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 885 هەزار دینارە
ئەمە نرخی دوێنێیە کاتێک بازاڕە داراییەکانی جیهان داخرابوون، ئەوکاتە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4217 دۆلار بووە.
زیادبوونی پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
لێدوانە نەرمەکانی بەرپرسانی بانکەکەش لە هەفتەی رابردوودا، ئەو پێشبینییانەیان بەهێزتر کردووە.
ئێستا بازرگانان بە رێژەی 87٪ پێیانوایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 10ـی ئەم مانگە سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی داتاکانی کەرتی پیشەسازی و هەلی کاری کەرتی تایبەت لە ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێنەوە، تاوەکو بەرچاوڕوونی زیاتریان دەستبکەوێت سەبارەت سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ پاڵپشتی لە کڕینی بەرفراوان لە لایەن بانکە ناوەندییەکان و زیادبوونی وەبەرهێنان لە سندووقەکانی ئاڵوگۆڕی زێڕ وەرگرتووە کە مانگی رابردوو نرخی زێڕیان گەیاندە 4380 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ