جێبەجێکردنی رێکاری گومرگی پێشوەخت لە عێراق تاوەکو ساڵی 2026 راگیرا

01-12-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق، کارکردن بە مەرجی رێکارى گومرگی پێشوەختی کۆمپانیاکان بۆ فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر هاوردەکردنی کاڵا، تاوەکو کانوونی دووەمی 2026 راگیرا، جگە لە چوار کاڵا کە دەبێت ئەو رێکارەیان بۆ جێبەجێ بکرێ. بە گوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەو رێکارە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ دەکەن.
 
بەگوێرەی بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، دەبوایە کارکردن بەو رێکارە لە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 چووبایەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بانکی ناوەندیی عێراق دوێنێ یەکشەممە، نووسراوێکی ئاراستەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە و تێیدا ئاگاداری کردوونەتەوە لە راگرتنی کارکردن بەو رێکارە تاوەکو یەکی کانوونی دووەمی 2026.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کارکردنی ناچاری بە رێکاری گومرگی پێشوەخت لە یەکی کانوونی یەکەمەوە تەنیا بۆ چوار کاڵا جێبەجێ دەکرێ کە بریتین لە زێڕ و خشڵی دیکە، مۆبایل، ئۆتۆمبێل و ئامێری فێنککەرەوە؛ هەروەها جێبەجێکردنی ئەو رێکارە بۆ کاڵاکانی دیکە خۆویستانە دەبێت بۆ کۆمپانیاکان تاوەکو یەکی کانوونی دووەمی 2026 و لەو رۆژەوە دەبێتە ناچاری.
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە 25ی تشرینی دووەمی 2025 دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەو رێکارە کە دەبێ کۆمپانیاکان، گومرگی کاڵا هاوردەکراوەکانیان پێشوەخت بدەن و لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە بانکی ناوەندی لێ ئاگادار بکەنەوە تاوەکو رێگەیان پێ بدرێ ئەو کاڵایانە لە دەروازە سنوورییەکان دەربازی سنووری نێو عێراق بکرێن.
؟
بەپێى گرتنەبەری ئەو رێکارە، کۆمپانیاکان نەیاندەتوانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندیی عێراق بکڕن. ئەو رێکارە کێشەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو.
 
دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە سیستمی ئەسیکۆدا نییە و بۆ پرسی رێکاری گومرگی پێشوەخت لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندا دەبین بۆ چارەسەری ئەو بابەتە تاوەکو ساڵی نوێ".
 
لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە، ئەو کاڵایانەی بەر لە یەکی کانوونی یەکەم گەیشتوونەتە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و پارەکەی بۆ حەواڵە نەکراوە، مەرجی جێبەجێکردنی رێکاری گومرگی پێشوەخت نایگرێتەوە لە حەواڵەکردنی پارەکەیدا.
 
کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کاڵا سوود لە دۆلاری فەرمیی بانکی ناوەندی وەردەگرن کە 131 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ: زێڕ ساڵێکی نایابـی بەڕێکرد و 50 جار ریکۆردی شکاند

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ، ساڵی 2025 ساڵێکی "نایاب و مێژوویی" بوو بۆ زێڕ، بە جۆرێک کانزاکە زیاتر لە 60% نرخەکەی بەرزبووەوە و زیاتر لە 50 جاریش بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد