سوودانى داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات "دەستبەجێ" هەموارى یاسای بودجە جێبەجێ بکەن

02-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، دەنگدان بەو هەموارەى یاسای بودجەى گشتى کە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى پەسند کرا، جەخت لە سەقامگیریى سیاسى و لێکتێگەیشتن دەکاتەوە. داواى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتی عێراق کرد، "دەستبەجێ" دەست بە جێبەجێکردنى ئەو هەموارە بکەن. 
 
ئەو هەڵوێستەى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکی دا بوو کە باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەت لەبارەى پەسندکردنى ئەو هەموارە لە پەرلەمانى عێراق بڵاویکردەوە. هەموارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـى شوباتی 2025، لە پەرلەمان پەسند کرا و تایبەت بوو بە خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیران داوا لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرجەم دامەزراوە تایبەتمەندەکانى و وەزارەتى نەوتى فیدراڵ دەکات، "دەستبەجێ" دەستبکەن بە جێبەجێکردنى ئەو هەموارە لەپێناو "باشترکردنى وەبەرهێنان بۆ سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت سامانى نەوت". 
 
سوودانى دەڵێت: "با ئەو سامانە ببێتە هۆکارێک بۆ پاڵپشتیى سەقامگیری و پاڵنەر بۆ بەجێگەیاندنى پلان و بەرنامەى زیاتر کە پێویستییەکانى گەلى عێراق دەستەبەر دەکات". 
 
هەمواری تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاریی، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، سوودانى پێزانینى خۆى بۆ ئەو هەنگاوەى پەرلەمان دەربڕیوە و ئاماژەى بەوەداوە کە ئەوە ئاوێنەى هاریکاریى باڵاى نێوان حکومەت و پەرلەمانە بۆ ئەوەى پێکەوە کار بکەن لەپێناو بەردەوامیى رەوڕەوەى گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی.
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ـى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسەندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە". 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە