رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: "یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی بەغدایە و مـادەی 13 دەتوانێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، فازڵ نەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان چەند بەرمیل نەوت رادەست بکات، ئەوەندە 16 دۆلاری بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان خەرج دەکرێت."
فازڵ نەبی گوتی، "بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەغدا یەک ملیار دۆلار قازانج دەکات، 200 بۆ 300 ملیۆن بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت و لەو 700 ملیار دۆلارەی دەمێنێتەوە، مانگانە 300 بۆ 400 ملیار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن."
فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات، جگە لە مووچە دەتوانێت داوای بودجەی خۆی بکات."
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "هەر یاسایەک کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە، لە عێراق هەردوو یاسای بودجە و ئیدارەی دارایی زیانی زۆریان بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە."
"لە یاسای بودجە زۆر مینی چێنراو بۆ هەرێمی کوردستان دانراون"
بە گوتەی فازڵ نەبی، "یاسای ئیدارەی دارایی وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و لە مادەکانی 11 ،12 و 13ی یاسای بودجە زۆر مینی چێنراو بۆ هەرێمی کوردستان دانراون."
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی گوتی، "بودجە یەک پاکێجە و بڕگەی (ِا) لە مادەی (13) مینێکی چێنراوە کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و داوای رادەستکردنی نەوت و بەرهەمەکانی و ئەو نەوتەش دەکات کە هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا بەکاری دێنێت."
لە بڕگەی ئەلیف لە مادەی 13دا، داوا دەکات جگە لەو نەوتەی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای دەکات، داهاتی ئەو نەوتەی کە لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەیفرۆشێت و بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
فازڵ نەبی دەڵێت، "ئەگەر هەیە کە عێراق داوا بکات لە هەرێمی کوردستان بە بڕگەی ئەلیف لە مادەی 13 کار بکات و داوای سەرجەم داهاتەکان بکات و بڵێت ئەو کاتە بودجە دەدەم کە یاساکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکەیت."
"مینێکی دیکەی چێنراوە لە مادەی (11) بڕگەی (دوو) دانراوە کە باس لە ئینفاقی فیعلی (خەرجی کردەیی) دەکات، ئەگەر بەغدا بگەڕێتەوە سەر ئینفاقی فیعلی هەرێمی کوردستان زیان دەکات." ئەمە وەکو فازڵ نەبی باسی کرد.
فازڵ نەبی دەشڵێت: "ئەگەر مادەی 13 نەبێتە کێشە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە بودجەی پترۆدۆلار، بەکارخستن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان وەربگرێت. پێویستە بەغدا مووچە بنێرێت، لەبەرئەوەی مووچە جیاوازە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی."
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، "پێویستە هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە کار بکات بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026، کە لە دوای مانگی 6ـەوە دەستپێدەکات."
لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵیش گوتی، "گوشارێکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر عێراق هەیە بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک، وەزیری دارایی نەرمی نواندووە، من هیوام هەیە کە مووچەی مانگی یەک بێت."
لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووش گوتی، "تاوەکو یاسای بودجە هەبێت و ئەو بیرکردنەوەیە لە بەغدا هەبێت، کیشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت."
بەپێی یاساکە "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە، نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات.
فازڵ نەبی دەڵێت،" 16 دۆلار وەکو سولفە بۆ تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوە دەدرێت، تاوەکو ئەو کاتەی کە کۆمپانیایی راوێژکار نرخەکەی دیار دەکات، ئەو کاتە دەبێ جیاوازیی نرخەکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا یەکلایی بکرێتەوە."
رۆژی 2/2/2025 پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجە دا و بەو پێیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
بە پێی هەموارە نوێیەکە پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەردا پارەی سولفەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ