پۆستێکی ترەمپ 500 ملیۆن دۆلار زیانی لە بازرگانانی نەوت داوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بازرگانان و وەبەرهێنەرانی نەوت، تەنیا 15 خولەک پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران رابگەیێنێت، گرەوێکی نیو ملیار دۆلارییان لەسەر نرخی نەوتی خاو کردبوو، ئەمەش بووە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی نرخ لە بازاڕەکاندا.
 
ترەمپ نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە مۆڵەتێکی بە ئێران دابوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەگەرنا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی ئەو وڵاتە "وێران دەکات". بەڵام پۆستەکەی ترەمپ لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ بووە هۆی شەپۆلێکی بەهێزی فرۆشتنی نەوت و گازی سرووشتی.
 
نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی چەند خولەکێکدا 15% دابەزی، چونکە ترەمپ ئاماژەی بە "گفتوگۆی بنیاتنەرانە"ی نێوان واشنتن و تاران کردبوو. ئەمەش وەبەرهێنەرانی هان دا کە ئەگەری کەمبوونەوەی گرژییەکان لەبەرچاو بگرن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کردنەوەی رێگەی ملیۆنان بەرمیل نەوت کە لە کەنداو رێگەی هەناردەکردنیان لێگیراوە.
 
داتاکانی بۆرسەی لەندەن دەریدەخەن لەنێوان کاژێر 10:49 بۆ 10:50 بە کاتی گرینچ [13:49 بۆ 13:50 بەکاتی هەولێر] بازرگانان گرەویان لەسەر 5,100 گرێبەستی داهاتووی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس  کردووە، کە بەپێی هەڵسەنگاندنێکی رۆیتەرز، بەهای ئەو گرێبەستانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
داتاکان پێشانی دەدەن کە لەو خولەکەدا، گرێبەستەکان فرۆشتنی نەوت بوون، بەڵام نەتوانراوە دیاری بکرێت کێ ئەو نەوتەی فرۆشتووە.
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، دوای پۆستەکەی دووشەممەی ترەمپ، لە یەک خولەکدا مامەڵە بە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت کراوە، بۆیە ئەوکاتە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 112 دۆلارەوە بۆ 99 دۆلار دابەزی. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش لە 99 دۆلارەوە بۆ 86 دۆلار دابەزی.
 
بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە بووەتە هۆی راگرتنی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی جیهان، نرخی نەوت زیاتر لە 40٪ بەرزبووەتەوە.
 
قەبارەی بازرگانی و ناجێگیریی نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. بە تێکڕا، لە ماوەی سێ ساڵی پێش شەڕەکەدا، رۆژانە نزیکەی 300,000 گرێبەستی داهاتووی نەوتی برێنت مامەڵەیان پێوە دەکرا. ئەم بڕە لە چوار هەفتەی رابردوودا دوو هێندە بووە و قەبارەی رۆژانە گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی زیاتر لە 1 ملیۆن گرێبەست، کە یەکسانە بە ملیارێک بەرمیل نەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە