رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیاریدا 25% لە گومرگی هاوردەکردن کەم بکرێتەوە کە پێشتر لە سیستمی ئەسیکۆدا جێگیر کراوە.
ئەو بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، بە نووسراوێکی فەرمی لەلایەن سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراقەوە ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، 25%ی گومرگی سەر ئەو کاڵایانە کەم دەکرێنەوە کە پێشتر لە سیستمی ئەسیکۆدا جێگیر کرابوون.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق پاساوی ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هاوسەنگی بهێنرێتەدی لە نێوان زیادکردنی داهات و ئاسانکردنی رێکارە گومرگییەکان.
ئەو گۆڕانکارییە لەدوای ئەوە بوو ناڕەزایەتی لەبارەی پێناسی نوێی گومرگی لە عێراق دروست بوو کە لەنێوان 5% بۆ 30%ی بەهای کاڵاکە دەبێت و لە یەکى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە کارى پێکرا.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو بڕیارە نوێیە کاریگەریی لەسەر ئەو بازرگانانە دەبێت کە کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەگوازنەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و رێژەی گومرگەکە کەم دەکات".
هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەچووەتە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە و ئەو پێناسی گومرگییەش جێبەجێ ناکات کە حکومەتی فیدراڵی لە 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە کاری پێدەکات.
ئەو کاڵایانەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، کاتێک دەبرێن بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق، جیاوازیی بەهای گومرگییان لێ وەردەگیرێت بەراورد بەوەی لە هەرێمی کوردستان لێیان وەرگیراوە؛ بەو پێیە بە هەردوو گومرگەکە هەمان ئەو بڕە پارەیە دەدرێت کە لە پێناسی نوێی گومرگدا جێگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ