نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 60 هەزار دینار دابەزی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ سێیەم رۆژی لەسەریەکە لە دابەزین بەردەوامە و بازاڕ ناجێگیرە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ ئاستی نزیک لە ملیۆنێک دینار دابەزی.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:  
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 865 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 10 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 58 هەزار دینارە
 
بەم پێیە، بەراورد بە دوێنێ، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 65 هەزار دینار، مسقاڵێک زێڕی عەیار 22، بە بڕی 67 هەزار دینار و مسقاڵێک زێڕی عەیار 18ـش، بە بڕی 57 هەزار دینار دابەزیون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆنسەیەک زێڕ 276 دۆلار دابەزی و بە 4613 دۆلارە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 9:40، زێڕ ئاستی 4405 دۆلاریشی تۆمارکردبوو. ئەمە وایکردووە نرخی مسقاڵی زێڕیش دابەزێت.
 
دابەزینی زێڕ دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد، ئەو کاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 5543 دۆلار بوو. بەم پێیە، لەوکاتەوە نزیکەی هەزار دۆلار دابەزیوە.
 
ئەو رۆژە، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 180 هەزار دینار بوو. ئەویش لەوکاتەوە 170 هەزار دینار دابەزیوە.
 
ئەو بڕە دابەزینە لە سێ رۆژدا بووە، بەوپێیەی رۆژانی شەممە و یەکشەممە بازاڕەکانی جیهان داخراون، بۆیە گۆڕانی ئەوتۆش لە نرخی مسقاڵ نەبووە.
 
بە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە لەگەڵی دادەبەزێت.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ و بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش دایدەبەزێنێت.
 
بۆچی دابەزی؟
 
پێش ئەو دابەزینە بەرچاوە، زێڕ لە بەرزبوونەوەی بەرچاودا بوو؛ لە 16ـی مانگی رابردوودا، ئۆنسەیەک زێر بە 5580 دۆلار بوو، بەڵام لە بەیانیی 29ـی مانگ، پێش ئەوەی دابەزێت، ئاستی 5610 دۆلاریشی تۆمارکردبوو. واتە ئاستی بەرزبوونەوەکە زیاتر لە هەزار دۆلار بووە.
 
ئەمە وایکردبوو بازرگان و ئابووریناسان پێشبینیی خۆڕاستکردنەوەیەکی بەرچاو لە نرخەکە بکەن.
 
خۆڕاستکردنەوە لە بازاڕە داراییەکانی جیهاندا کاتێک روودەدات نرخی کاڵا، کانزا یان دراوێک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی کڕیویانە، لە ئاستێکدا دەیفرۆشن. ئەمە وادەکات خستنەڕوو زیادبێت و نرخەکەی دابەزێت.
 
دابەزینەکەی زێڕ بەشێکی خۆڕاستکردنەوە بووە، بەڵام بەشێکی دیکەش بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی ترەمپ رایگەیاند، کێڤن وارشی وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەربژێرکردووە. 
 
وارش پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکەکە بووە؛ بەوە ناسراوە پشتیوانیی سیاسەتی تووندی نەختینەیی دەکات. واتە پێشتر پشتگیریی ئەوەی نەکردووە رێژەی سوود لە ئاستێکی نزمدا بێت.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە حاڵەتێکی ئاساییدا، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کانزا، دراو، پێنوێن و دراوە دیجیتاڵییەکان، لەنێویشیاندا زێڕ. ئەمە لەسەر ئەو بنەمایەی کە وادەکات دۆلارێکی زۆرتر بڕژێتە نێو بازاڕەکان و سێکتەرە جیاوازەکانەوە.
 
بەپێچەوانەشەوە بەرزکردنەوەی، یان هێشتنەوەی لە ئاستێکی بەرزدا، وا دەکات دۆلار گران ببێت و دژەکانی هەرزان ببن [کانزا، دراو، پێنوێن و دراوە دیجیتاڵییەکان].

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە