رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کەمبوونەوەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا، نرخی نەوت و زێڕ دابەزینێکی بەرچاویان تۆمار کرد. ئەمڕۆ نرخی نەوت 5% و زێڕ نزیکەی 4% دابەزی.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 4700 دۆلار، کە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ لە دوێنێدا 4% دابەزیوە. هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 65.51 دۆلار دابەزی کە دەکاتە دابەزینی 5%.
دەیڤد مۆریسن، شیکەرەوە لە دامەزراوەی (Trade Nation)ی بەریتانی هۆکارەکەی بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاندەوە و گوتی، "هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە کەمبوونەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئێران."
لای خۆیەوە رەس مۆڵد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای (AJ Bell) رایگەیاند، زۆر لە وەبەرهێنەران وایانزانی زێڕ و زیو پارێزەری سەرمایەن، بەڵام "بە ئەزموونێکی تاڵ فێری ئەوە بوون کە ئەم داراییانە خۆشیان دەکرێت تووشی هەڵبەز و دابەزی گەورە ببن."
هۆکارێکی دیکەی کاریگەر لەسەر بازاڕەکان، دیاریکردنی کێڤن وۆرش بوو لەلایەن ترەمپەوە بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵی).
بازرگانان وۆرش بە کەسایەتییەکی "تووند" دژی هەڵاوسان دەبینن، ئەمەش چاوەڕوانییەکانی بۆ بەهێزبوونی دۆلار زیاد کردووە و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی رەواندەوە، کە پێشتر لەسەر جێڕۆم پاول هەبوو.
لە بازاڕی پشکەکاندا، دۆخەکە جیاواز بوو. پێوەرەکانی واڵ ستریت دوای دابەزینێکی کورت روویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت چالاکییە پیشەسازییەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵێکدا گەشەیان کردووە.
بەڵام لە ئاسیا، بۆرسەی سیئۆل زیاتر لە 5% دابەزی؛ پشکی کۆمپانیای %(SK hynix) 8 و سامسۆنگ 6% دابەزین. هەروەها بۆرسەکانی تۆکیۆ و تایپێ-ش دابەزینیان بەخۆوە بینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ