رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پڕۆژەی پەرەپێدانی وێستگەیەکی سەرئاوکەوتووی گاز بە کۆمپانیای ئەمریکیی ئێکسلەرەیت ئینێرجی دەدات.
کۆمپانیا کە کە بڕیارە لە سنووری پارێزگەی خۆر زوبێر سەکۆی هاوردەکردنی گاز دروست بکات، پێی وایە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و ژێرخانی عێراق.
عێراق دەیەوێت سەرچاوەی وزەکەی فرەچەشن بکات بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە گازی ئێران ببەستێت، بۆ ئەو مەبەستەش، لە رێگەی ئەو وێستگە سەرئاوکەوتووەوە، گازی شلی ئەمریکی وەردەگرێت.
پێشبینی دەکرێت وێستگەکە دەستەبەرکردنی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسان بکات، یارمەتیی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بدات و رێگە بە عێراق بدات سەرچاوەکانی دابینکردنی گازی سرووشتیی خۆی جۆراوجۆر بکات.
وێستگەکە لە بەندەری خۆر زوبێر دروست دەکرێت، کە سەکۆیەکی سەرئاوکەوتووی کۆگاکردنی گاز لەخۆدەگرێت و بە بۆریەکی 40 کیلۆمەتری بە هێڵی نیشتمانیی گازی عێراقەوە دەبەسترێتەوە لە نزیک کەناری بەسرە.
ستیڤن کۆبۆس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێکسلەرەیت ئێنێرجی، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "پێبەخشینی ئەم پڕۆژەیە بەڵگەیە بۆ هاوبەشیی ستراتیجیی نێوان ئێکسلەرەیت ئێنێرجی و حکومەتی عێراق. ئێمە شانازی دەکەین کە بۆ ئەم پڕۆژە ژێرخانییە گرنگە هەڵبژێردراوین و بە پەرۆشین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق کار بکەین."
دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پڕۆژەکەی پەسەند کرد، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی 80ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پیرۆزبایی کۆبۆس کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، تۆماس لێرسن، بەرپرسی باڵا لە نووسینگەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ گەشەی ئابووری، وزە و ژینگە، ئامادە بوو و جەختی لە گرنگیی ستراتیجیی گازی سرووشتیی شلی ئەمریکی بۆ کارنامەی وزەی ئەمریکا کردەوە.
لێرسن ئاماژەی بەوەش کرد: "دەرفەتی ئەم وێستگەیە، پێشەنگبوونی وزەی ئەمریکا دەردەخات و هەنگاوێکی هەستیارە لە پێشخستنی ئاسایشی وزەی عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گازی ئێران. ئەمریکا شانازی دەکات کە پشتگیریی کۆمپانیاکانی دەکات و بەشداریکردنی ئێکسلەرەیت ئێنێرجی داهێنانەکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا دەهێنێتە عێراق و بەشدار دەبێت لە سەقامگیریی هەرێمی، هاوکات پشتگیریی هەلی کار دەکات لە ئەمریکا."
هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە و بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکە پێویستی بە رێککەوتنی بازرگانیی پابەندکەر هەیە، بەڵام ئێکسلەرەیت دڵنیایە کە گفتوگۆکانی لەگەڵ عێراق ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت، ئەمەش رێگەی پێدەدات گرێبەستە پێویستەکان تەواو بکات و دڵنیا بێت لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە.
عێراق دەیەوێت لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورییەوە، رۆژانە 500 تا 700 ملیۆن سێجا گاز هاوردە بکات و لە ئەنجامدا، دوو هەزار مێگاوات بۆ تۆڕی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ