رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی زێڕنگەرانی هەولێر چۆڵ و بێ بازاڕییە، ناجێگیری نرخی زێڕ ئەم بێبازاڕییەی دروستکردووە زیاتر لە دوو مانگ دەبێت، زێڕ نرخی جێگری بەخۆیەوە نەبینیوە.
هەندرێن وەرتی، کارگێڕی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "دوو رۆژ بەر لە ئێستا یەک ئۆنەسی جیهانیی زێڕ بە 1804 دۆلار بوو، تازە تەماشامانکرد بە 1793 دۆلار بوو، واتە 11 ئۆنسە دابەزیوە، ئەو دابەزینی ئۆنسەی جیهانییە پەیوەندی بەو ئۆنسەیەوە هەیە کە ئێستا رامگرتووە، بەڵام ئەمە بچووکەکەیە و 5 گرامە."
ژیار ئەیوب، زێڕنگەر دەڵێت "چەند رۆژێک پێش ئێستا مسقاڵیک زێڕ 365 هەزار دینار بوو، فرۆشتمان و لەگەڵ کڕیارەکان بڕاندمانەوە و زێڕەکەیان برد، کاتێک تەماشا دەکەین زێڕی کۆن بووەتە 365 هەزار دینار."
ناجێگیری نرخ وایکردووە بەشێک لە زێڕنگەران، بەدوای رێگەچارەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو زەرەرەی لێیاندەکەوێت تا راددەیەک کەمتری بکەنەوە، ئەویش بە گۆڕینی سەرمایەکەیان لە دۆلارەوە بۆ زێڕ، لە وڵاتێکی وەک ئیمارات بە تایبەت دوبەی هەر بە زێڕ، زێڕ دەکڕن.
دڵزار ئەنوەر – زێڕنگەر دەڵێت "سەرمایەکەت دەکەیتە زێڕ، ئیتر مامەڵەکە دەبێتە زێڕ، زێڕ دێنیت و زێڕ دەدەیتەوە لەجیاتی، ئیتر بەس هەقدەستەکە دەمێنێت."
ناجێگیرییەکە، کاریگەری کردووەتە سەر ئەو بازرگانەنەش کە لە وڵاتانی دەرودراوسێوە زێڕ دەهێنن. ئەیوب ئاقبەل، بازرگانی زێڕ دەڵێت "هەر 15 رۆژ جارێک لە ئیستەنبووڵەوە زێڕ دەهێنم بۆ هەرێمی کوردستان و لێرە بە نرخی کۆ دەیفرۆشم، ئێستا بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە خوارەوە و لە هەر کیلۆیەک 1000 دۆلار هاتووەتە خوارەوە و زۆر کاریگەری لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان کردووە."
هۆکاری ناجێگیری نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ ناجێگیری نرخی دۆلار، زێڕ و دۆلار پەیوەندییەکی پێچەوانەیان هەیە بە بەرزبوونەوەی هەر لایەکیان لایەکی دیکە دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ