رووداو دیجیتاڵ
لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار بووە و 2.1 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، داهاتی نەوت کەمیکردووە و داهاتی نانەوتی زیادی کردووە.
ئەو ژمارانە بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵە بۆ داهات و خەرجیی عێراق لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا.
خەرجی 17 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە تاوەکو مانگی شوباتی ئەمساڵ خەرجیی عێراق 17.8 تریلیۆن دینار بووە، کە 16.9 تریلیۆن دیناری خەرجیی رەوان بووە کە بودجەی بەکارخستن زۆرینەی پێکدەهێنێت بە پارەی مووچەشەوە، کە بەتێکڕا 94.9%ی هەموو خەرجییەکان پێکدەهێنن.
14.4 تریلیۆن دیناری خەرجیی عێراق لەو ماوەیەدا بۆ مووچە بووە، کە 80.8%ی تێکڕاى خەرجییەکان بووە.
خەرجیی وەبەرهێنان لەو دوو مانگەی سەرەتای ئەمساڵ 876.9 ملیار دینار بووە کە تەنیا 5.1%ی تێکڕای خەرجییەکان بووە.
لە راپۆرتەکەدا خەرجیی هەرێمی کوردستان بە دوو تریلیۆن و 60 ملیار دینار هەژمار کراوە و زۆرینەی بۆ مووچە بووە.
بەراورد بە خەرجیی عێراق لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی 2025، خەرجییەکانی عێراق ئەمساڵ 112.1 ملیار دیناری کەمیکردووە.
داهاتی نەوت کەم بووە و نانەوتی زیاد بووە، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ داهاتی عێراق بە نەوتی و نانەوتییەوە 15.7 تریلیۆن دینار بووە کە بەراورد بە خەرجییەکان، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 2.1 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە.
داهاتی نەوتی لەو ماوەیەدا 13.1 تریلیۆن دینار بووە کە 83.4%ی تەواوی داهاتەکانی پێکهێناوە، داهاتی نانەوتیش 6.6%ی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان لەنێو داهاتەکانى ئەو دوو مانگەدا هەژمار کردووە.
بەراورد بە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2025، داهاتی عێراق 1.7 تریلیۆن دینار کەمیکردووە، داهاتی نەوت بە بڕی 2.4 تریلیۆن دیناری کەمیکردووە، بەڵام داهاتی نانەوتی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ