ئامادەکردن: هەستیار قادر و سۆلین حەمەدەمین
رووداو دیجیتاڵ
وەڵامێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بۆ هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان، لێکدانەوەی جیاوازی لێدەکەوێتەوە.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 20ى کانوونى دووەمى 2025 لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو بۆ هاونیشتمانییان لە هەرێمى کوردستان.
وەزارەتەکە پرسیاری کردبوو، ئایا بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای خانەنشینى هەرێمى کوردستان، وا دەکات شایستەى دارایی ئەو کەسانەى بەر لە رۆژى بڕیارەکەى دادگەکە خانەنشین بوون، جیاوازیی مووچەی هاوتاکراویان بۆ خەرج بکرێت؟
دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق 23ى تشرینى دووەمى 2022 لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک لە خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند کرد، یاسای خانەنشینى ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەرێمى کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە.
دادگەی فیدراڵی لە وەڵامەکەدا بۆ وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بە حوکمی مادەی (37/ دووەم) لە پەیڕەوی ناوخۆیی دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022 کە تێیدا هاتووە، "کاریگەریی حوکمی دەرچوو لە دادگەوە لە رێککەوتی دەرچوونیەوە دەستپێدەکات لە بابەتی دیکە کە پەیوەندار نەبێت بە بابەتی سزایی، مەگەر حوکمەکە پێچەوانەی ئەوە بێت کە دیاریی کردووە."
وەڵامەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی لێکدانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە.
"پێویستە سکاڵا تۆمار بکرێت"
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو پرسە پێویستى بە پرسیارێکى دیکەیە کە ئاراستەى دادگەى فیدراڵى بکرێت، بەوەى ئەگەر خانەنشینانى هەرێمى کوردستانى بەر لە 2022، بە یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق مووچەکانیان هاوتا نەکرێت، بە کام یاسا هاوتا دەکرێت؟"
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 21ى شوباتى 2024 بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەند کرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت، مانگانە بدرێت و مووچەى خانەنشینانیش هاوتا بکرێت.
جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر لەسەر بنەماى ئەو روونکردنەوەیە، هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینى تەنیا ئەوانە بگرێتەوە کە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 2022 خانەنشینکراون، "پێویستە سکاڵا تۆمار بکرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "دادگەکە لە 2024 بڕیارێکى دیکەى داوە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان. ئەگەر یاساکەى هەرێمى کوردستان هەڵوەشێندرابێتەوە، چۆن هاوتا دەکرێت؟ پێویستە هاوتاکردن سەرجەم خانەنشینانى دواى 2022 و پێش ئەو ساڵە بگرێتەوە."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزارەی کە تازە خانەنشین دەبن. تاوەکو ئێستاش خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە روونکردنەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، لە 23-11-2022ەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای بەغدا دەکات، نەوەک لە ساڵی 2014ەوە، کە هەرێمی کوردستان داوای دەکات.
مووچەی کام خانەنشینانە هاوتای عێراق دەکرێت؟
بە گوتەی سۆران عومەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە لە پەرلەمان، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە هاوتا دەکات کە لە 23-11-2022ـەوە خانەنشین بوون و ئەوانی دیکە هەڵدەوەشێندرێنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "بڕیارەکە واتای ئەوەیە ئەو کەسانەی پێش 23-11-2022 خانەنشین بوون، مووچەیان هاوتا ناکرێت، جگە لەو کەسانەی مووچەیان کەمترە لە 500 هەزار دینار."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لیستی هاوتاکردنی مووچەی سەرجەم خانەنشینانیان پێشکەش کردووە، بەڵام بەغدا بەوە رازی نەبووە و گوتوویەتی، کار بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکەن.
"تێگەیشتنی وەزارەتی دارایی عێراق نادروست و زۆر نالۆژیکییشە"
یوسف محەممەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش لەوبارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات، ئەو روونکردنەوەیەی دادگای باڵای فیدراڵی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە مانای ئەوە دێت کە پێویستە لە رێککەوتی دەرچوونی بڕیارەکەوە مووچەی سەرجەم خانەنشینان بەپێی یاسای بەرکار هەموار بکرێتەوە، بەتایبەت کە داواکاران ژمارەیەک خانەنشینی ساڵانی پێشوو بوون، نەوەک بەمانای ئەوەی تەنیا ئەوانەی دوای ئەو رێککەوتە خانەنشینبوون و دەبن هاوتاکردن دەیانگرێتەوە.
بەڵام وەکو یوسف محەممەد باسی دەکات، "بۆ ئەوانەی لە 2014ەوە تاوەکو دەرچونی بڕیارەکەی دادگا بە نادروست مووچەکەیان بەپێی یاسایەکی هەڵوەشاوە هەژمارکراوە، ناتوانن داوای قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەن."
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "تێگەیشتنەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەک نادروستە، بەڵکو زۆر نالۆژیکیشە، چونکە بە واتای ئەوە دێت کە دەیانەوێت یاسایەکی هەڵوەشاوە بەسەر زۆرینەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن و بۆ هەندێکی کەمیش یاسای خانەنشینی بەرکار جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش رێک پێچەوانەی حوکمی یەکەمی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە کە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە (27)ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاوەی بە نادروست لە قەڵەم داوە. لە هەمان کاتدا ئەمە پێچەوانەی مادەی (14)ی دەستورە و دەبێتە هۆی هێنانەکایەی نایەکسانی لەنێوان هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمیشەوە."
بە گوتەی یوسف محەممەد، "ئێستا بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی (1)ی ئەم ساڵ سەرجەم خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و پاشەوارەکانیان مووچەکانیان هەر بە هاوتاکراوی وەردەگرن، بۆ مانگەکانی داهاتووش لەگەڵ دڵسۆزان لە هەرێم و بەغداش کار دەکەین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسای گشتى و توێژەر لە بوارى وەزیفەى گشتى رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو روونکردنەوەى دادگەى فیدڕاڵى پێچەوانەى مەبەستى بڕیارەکەیەتى لە ساڵى 2022، چونکە ئەو کەسانەى کە سکاڵاکەیان تۆمارکردبوو ئەو خانەنشینانە بوون کە پێشتر خانەنشین بوون و بەرژەوەندییان لە دەرکردنى بڕیارەکەى دادگە هەبووە. چۆن دەبێت لەو بڕیارە سوودمەند نەبن، ئەگەر دادگەى فیدراڵى بەو ئاڕاستەیەدا بڕیارى دابێت، پێچەوانەى بڕیارەکەى 2022ى خۆیەتى".
عەبدولقادر ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر دادگە یاسایەکى هەڵوەشاندبێتەوە چۆن کارى پێدەکرێت و ئەو روونکردنەوەیە بۆشایی یاسایی دروست دەکات. دادگەى فیدراڵى لەو بڕیارەى 2022 ستایشى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراقى کردووە کە دەبێت بۆ هەموو عێراقییەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو روونکردنەوەیە ژمارەیەک لە خانەنشینان بێبەش دەکات."
هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024ەوە دەستىپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ پارەى تەرخانکراوى مووچە زیاد دەکات.
سەرچاوەیەکى بەرپرسى دارایی لە بەغدا بە رووداوى گوت: "ئەو داوایەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە دادگەى باڵاى فیدراڵى زیاتر بە ئاڕاستەى قەرەبووى پارەى کەڵەکەبووى شایستەى دارایی ساڵانى پێش بڕیارەکەى دادگەى فیدڕاڵییە، کە ئایا دەبێت ئەو وەزارەتە پەیوەستبێت بە خەرجکردنى یان نا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ