سوودانی بۆ یەکخستنی باج بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی چاکسازیی باجی کرد و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی باج دا. بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئاگاداری پێکهێنانی ئەو لیژنەیە نین".
 
رۆژی چوارشەممە، 4-2-2026، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای چاکسازیی باجی کرد.
 
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باج، ستافی باڵای دەستەکە و ژمارەیەک لە راوێژکارانی ئابووری و دارایی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باسی میکانیزمی یەکخستنی رێکارەکانی ژمێریاریی باج و ئەو ئاستەنگانە کرا کە دێنە بەردەم کۆمپانیاکان، هەروەها بە وردی گفتوگۆ لەسەر یاسای ژمێریاریی باج کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی حکومەت.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی یەکخستنی رێکاری باج لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پرسی "باجی دوولایەنە"ی نێوخۆیی و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و کاریگەر بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشەیە.
 
هەروەها تاوتوێی دۆسیەی خۆدزینەوە لە باج کرا و چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خرانەڕوو، بە جۆرێک کە هاندەر بێت بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران تاوەکو باری دارایی و یاسایی خۆیان رێکبخەنەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتە باجییانەی رووبەڕووی کەرتی تایبەت دەبنەوە.
 
سوودانی جەختی لە پەرۆشیی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی باج کردەوە، وەک بەشێک لە بەرنامەی گشتگیر بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران چەند فەرمانێکی دەرکرد:
 
یەکەم: ئامادەکردنی پێشنیازەبڕیارێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە تێیدا چارەسەری هەموو ئەو ئاستەنگە باجییانە بکرێ کە لە بەردەم کەرتی تایبەت و کۆمپانیا عێراقییەکاندان، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجەی ساڵی 2026 پەسند دەکرێ.
 
دووەم: پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و دەستەی باج بۆ پەیوەندیکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی باج لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەیشتن بە قۆناخێکی پێشکەوتوو لە یەکخستنی رێکارەکانی باج لەنێوان هەردوولادا.
 
دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 4-2-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " ئاگاداری پێکهێنانی ئەو لیژنەیە نین، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی دراوە".
 
لەبارەی هاوئاهەنگی کردنیان لەگەڵ لیژنەکەی حکومەتی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "دۆسیەی چاکسازیی باج لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە،  چ بڕیارێک لەوێ بدرێت، پێوەی پابەندین و جێبەجێی دەکەین".  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێ، ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان و داهاتە نانەوتییەکانی تاوتوێ کرد، بڕیاردرا لە دوو هەفتەدا راپۆرتێک لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت