رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی هیندستان رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی وزە، وڵاتەکەی نەوتی خاو لە ئێران دەکڕێت و هیچ کێشەیەکی دارایی یان رێگرییەک لە پرۆسەی پارەدان بە تاران نییە.
ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی نەوتی هیندستان وەک دانپێدانانێکی دەگمەن هەژمار دەکرێت بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ وزە، ئەوەش دوای ئەوەی هیندستان لە ژێر گوشاری سزاکانی ئەمریکا کڕینی نەوتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردبووەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی لێخۆشبوونی واشنتن بۆ نەوتی گواستراوە لە رێگەی دەریاوە، جارێکی دیکە دەستی بە کڕینەوەی کردووە.
وەزارەتی نەوتی هیندستان لە پلاتفۆرمی (X) بڵاویکردەوە، "پاڵاوگە هیندستانییەکان سەرکەوتوو بوون لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە نەوتی خاو، لە نێویشیاندا نەوتی ئێران، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
هەروەها جەختی کردەوە، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم پارەدان بۆ هاوردەکردنی نەوتی ئێران نییە، پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە."
حکومەتی هیندستان ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە کە باسیان لە گۆڕینی ئاراستەی تانکەرێکی نەوتی ئێران دەکرد لە بەندەری 'فادینار'ی هیندستانەوە بەرەو چین بەهۆی کێشەی پارەدانەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا باری تانکەرێکی گازی شل (LPG)ی ئێرانی کە 44 هەزار تۆنی بارکردووە، لە بەندەری مانگالۆری هیندستان خاڵی دەکرێتەوە.
کاریگەریی داخستنی تەنگەی هورمز
هیندستان کە سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا، بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستبووە، چونکە پێشتر نیوەی پێویستیی نەوتی خاو و زۆربەی گازی شلی بۆ چێشتلێنان لە رێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دابین دەکرد.
دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، هیندستان بووە کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی رووسیا، بەڵام پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو ماوەیەکی زۆر خۆیان لە کڕینی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا دەپاراست بۆ ئەوەی بەر ژێر سزاکانی ئەمریکا.
ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکان، هیندستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی گەرەنتی تێپەڕبوونی سەلامەتیی کەشتییەکانی لە کەنداوی عەرەب (فارس) وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ