رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی باج بۆ مووچە بە هەنگاوێکى ئاسایی دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجوومەنى وەزیران دەسەڵاتى راکێشانى ئەو پارەیەى داوەتێ زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارە بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.
تەیف سامى لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (294)ى ساڵى 2025ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بەوپێیەى ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتى دەوڵەت.
سپاردەى دارایی، پارەى ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدار و خاوەنکارانەیە، گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ ئەوەى گەرەنتى ئەوە بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەدەن کە وەک باج لەسەریانە.
وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى پێداوە بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی کە پێنج ساڵە دراون و بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.
ئەو روونکردنەوەى تەیف سامى بۆ میدیاى فەرمى عێراق لە دواى ئەوە دێت کە زانیارى لەبارەى راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەران و خانەنشینان بڵاوبووەوە.
تەیف سامى رایگەیاند: پارەى سپاردەى دارایی لە هەژمارێکى بانکیى وەزارەتەکەیدایە لە بانکیی ناوەندى و ئەو پارەیە بە کاتى لەوێ دەبێت تاوەکو رێوشوێنەکانى پاکتاوى باج دەکرێن بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیەى لەو هەژمارە دانراوە یەکسانە بەو باجەى لەسەر باجدەرەکەیە، ئەگەر پارەکە زیاتر بوو دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو لایەنەى پارەکەى داناوە، ئەگەر یەکسانیش بوو ئەوان ئەو بڕە پارەیە وەک بەشێک لە داهاتى گەنجینەى دەوڵەت هەژمار دەکەن.
حکومەتى عێراق مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەو کەسانەى هاوکاریى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە.
وەزیرى دارایی ئاماژەى بەوەدا، زۆرینەى ئەو کەسانەى کە باجیان لەسەرە سەردانى فەرمانگەکان ناکەن بە مەبەستى تەواوکردنى پاکتاوى ئەو پارەیەى وەک باج لە ئەستۆیاندایە ئەوەش بەئامانجى خۆدزینەوە لە باج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ