بەر لە جەنگی ئێران، ئابووریی هەرێمی کوردستان هێمای بووژانەوەی پێوە دیاربوو، هەرچەندە چەندین ئالنگاریشی لەبەردەمدا بوو. کرێنە بەرزەکان کە لەسەر باڵاخانە نوێیەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبینران، دیارترین سیمای بەردەوامی ئاوەدانکردنەوە و جموجۆڵی بیناسازی بوون، بەڵام فەرمانبەرانی کەرتی گشتی کە زۆرینەی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، سێ ساڵی رابردوو لە چاوەڕوانیی ئەو مووچەیەدا بوون کە یان درەنگ دەگەیشت یان هەر ساڵەی دوو مووچەیان نەدەگەیشت. ئەمریکا گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە جیهان دا لە هەولێر کردبووەوە کە ئاماژەیەکی دیپلۆماسیی راستەقینەیە بۆ پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بۆ کوردستان، کۆمپانیا نەوتییەکانی بە درێژایی 10 ساڵ لەکاردا هێشتبووە، لە ساڵی 2023ـەوە بە بڕیارێکی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی داخرابوو. تەنیا پێنج مانگ پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران دەستی بە هەناردەکردنەوەی نەوت کردبوو.
پڕۆژەی رووناکی بۆ یەکەم جار لە دوای چەندین ساڵ دەنگی موەلیدە ئەهلییەکانی نەهێشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی و گازندە هەبوو سەبارەت بە نرخەکانی کارەبا. گۆڤاری (کۆندێ ناست تراڤلەر) هەولێری وەک یەکێک لە شوێنە مەبەستەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2026 دەستنیشان کردبوو؛ دانیپێدانانێک کە وەزارەتی گەشتوگوزاری دڵخۆش کرد، بەڵام بۆ فەرمانبەرێکی حکومەت کە مووچەی مانگی 10ـی 2025 ـی لە مانگی 1ـی 2026 وەرگرتبوو، بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو. هەرێمی کوردستان پێش جەنگی ئێران تازە خەریکبوو لە 10 ساڵ لە قەیرانی کەڵەکەبوو رزگاری دەبوو. قەیرانەکانی وەک قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش، بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە و داخستنی بۆڕیی نەوت. هەرچەند کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانانە هێشتا بەتەواوی نەرەواوەتەوە. پاشان درۆنەکان هاتن.
گۆڕەپانی جەنگی نێوان دوو بەرە
هیچ وڵاتێک لەم جەنگەدا وەک عێراق لە یەک کاتدا لە هەردوولاوە لێینەدراوە. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێگەی چەکدارانی سەر بە ئێران لەسەر خاکی عێراق دەکەنە ئامانج. ئێران و بریکارەکانیشی سەدان مووشەک و درۆنیان ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە. هەرێمی کوردستان کەوتووەتە نێو جەرگەی ئەم تەقە و پێکدادانانەوە و باجی جوگرافیایەک دەدات کە بۆ هەمووان گرنگە، خەڵکەکەی خۆیشی بەهۆی دەنگی درۆن و مووشەک و کۆپتەرەوە زیاتر لە مانگێکە شەوان خەوێکی ئاسوودەیان نەدیوە.
لە یەکەم مانگی شەڕەکەدا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 450 درۆن و مووشەکی بەرکەوتووە. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە چەند کاژێری سەرەتای جەنگەکەدا لێیدرا. "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی زیاتر لە 23 هێرشی جیاوازی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەولێر راگەیاند. کەمپی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانج. لە 13ی ئاداردا ئەفسەرێکی فەڕەنسی لە کەمپێکی مەشق و راهێنان کوژرا. لە 12ی ئاداردا بنکەیەکی سەربازیی ئیتاڵی لێیدرا. لە 24ی ئاداردا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرەگە لە سنووری سۆران بووە هۆی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 26 پێشمەرگەی دیکە.
سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا زۆربەی مووشەک و درۆنەکانیان تێکشکاند ، بەڵام تێکشکاندن بە واتای پارێزراوبوون نایێت. پاشماوەی درۆن و مووشەکە تێکشکاوەکان بەسەر شوێنە بازرگانی و ناوچە نیشتەجێبوونە مەدەنییەکاندا کەوتنە خوارەوە. ئەو شارەی گۆڤاری (Foreign Policy ) وەک "بووژانەوەیەکی چاوەڕوانکراو" وەسفی کردبوو، بە باڵاخانە بەرزەکان و کرێنە بەرزەکان و کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەوت بوون ، دوای مانگێک لەژێر دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانیدا ژیانی بەسەردەبرد.
ئەو شەوەی کۆرمۆر تاریک بوو
کاژێر 11:30ی شەوی 28ی شوبات، لە کاتێکدا دەنگی تێکشکاندنی مووشەکەکان لە ئاسمانی هەولێری پایتەخت دەهات، کۆمپانیای (دانە گاز) کە کۆمپانیایەکی ئیماراتییە و کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بەڕێوەدەبات، هەموو بەرهەمهێنانێکی لە وێستگەکەدا راگرت و کارگەکەی بەتاڵکرد و لە دۆخی ئامادەییدا هێشتییەوە تاوەکو کاتێکی ئارامتر. بەیانییەکەی راگەیێندراو بڵاوکرایەوە: 2500 بۆ 3000 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان نەماوە. وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پشتڕاستیکردەوە کە بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 80% دابەزیوە. کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ تەنیا 4 بۆ 6 کاژێر لە رۆژێکدا کەمبووەوە. کەمبوونەوەی کارەبا زیاتر لە 3 هەفتەی خایاند تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی چوار رایگەیاند کە دۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و 85٪ـی هاوبەشان سوودمەندن لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری رووناکی.
لە نێوان ساڵی 2022 تاوەکو سەرەتای 2026، لانیکەم 11 جار هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر. هەر هێرشێک هەمان شێوازی هەبوو: کەس بەرپرسیارێتی نەدەگرتە ئەستۆ، درۆن یان مووشەکێک لە ئاراستەی ئەو ناوچانەوە دەهات کە حەشدی شەعبی تێیاندا باڵادەستە و دەرەنجامەکەش کوژانەوەی کارەبا بوو لە سێ پارێزگا. بەپێی ئاماری چاودێریی (ئیکۆ عێراق)، تەنیا هێرشەکەی تشرینی دووەمی 2025، پێش جەنگ ، کارەبای بە رێژەی 80% بڕی و، رۆژانە زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار زیانی راستەوخۆی هەبوو. ئەم زیانانە بێجگە لە پارەی دانە گاز و تێچووی گواستنەوە و ئەو زیانە گەورانەی کە بەر کەرتەکانی دیکە کەوتوون بەهۆی کارپێکردنەوەی موەلیدەکان کە بە گازوایل کار دەکەن.
هەرێمی کوردستان توانای پاڵاوتنی ناوخۆیی هەیە و نزیکەی 60 بۆ 65 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمدەهێنێت و 40 بۆ 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆییە کە دەکرێتە سووتەمەنی و ئەمەش وایکرد پارێزراوبێت لەو بەرزبوونەوەیەی نرخی بەنزین و گازوایل بەو رێژەیەی کە لە وڵاتانی دیکەی جیهان دا سەریهەڵداوە. نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە 0.57 دۆلارەوە بۆ 0.65 دۆلار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە. گازوایل لە 0.51 دۆلارەوە بۆ 0.56 دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمانە بەراورد بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکەدا بە قەیران هەژمارناکرێت. پچڕانی کارەبا، کە نزیکەی مانگێکی خایاند، بەشێوەیەکی بەرچاو چارەسەر کراوە: وەزیری کارەبا پشتڕاستیکردەوە کە 85%ی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان هەیە و، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو نیوەی ساڵی 2026 هەمووان بگرێتەوە. ئەو دەنگی موەلیدانەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا بۆ سەر شەقامەکانی هەولێر گەڕابوونەوە، ئێستا رووی لە کەمبوونەوە کردووە. قەیرانە تووندەکە تاریکییەک نەبوو کە بمێنێتەوە. ئەوەی تائێستا چارەسەر نەبووە، نرخی گازی ماڵانە،(LPG) . گازی ماڵان لە کۆرمۆرەوە دێت؛ کاتێک کێڵگەکە کارەکانی راگرت، نرخی گازی ماڵان لە 0.44 دۆلار بۆ هەر لیترێکەوە بۆ زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەیەکی 127% ـی کە باری دارایی ئەو خێزانانەی قورسکرد کە بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە بەکاری دەهێنن. هەرچەندە بەپێی قسەی وەزیری کارەبابێت، خەریکە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن بەو پێیەی 100 تانکەری LPG ـی حکومەتی فیدراڵی گەیشتوون و پاڵاوگەی لانازیش دەستی بە کارکردن کردووەتەوە، بەڵام هێشتا نرخی بوتڵێک LPG زیاترە لە 25 هەزار دینارە و جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی کەمبوونەوەی کێشەی بۆ خێزانەکان و بازرگانییە بچووکەکان درووستکردووە، بە جۆرێک ژمارەیەک نانەواخانە و چێشتخانەی ناچارکردوو دابخرێن.
دۆخی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کورستان
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە یاسای بودجەی فیدراڵیی 2023-2025 جێگیرکرا، بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ دەکرێت، ئەویش دەیفرۆشێت و داهاتەکەی بۆ بەغدایە. لە بەرامبەردا هەرێمی کورستان پشکی بودجە وەردەگرێت کە لە تیۆریدا 12.67%ی کۆی بودجەکەیە، بەڵام لەنێوان 2023 بۆ 2025، بەغدا تەنیا 41 سەنتی لە هەر یەک دۆلار لە مافی یاسایی هەرێمی کوردستان نارد. پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان کە 12.5 تریلیۆن دینار بوو، هەرگیز نەدرا: سفر.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی جەنگ لەسەرەتای مانگی ئاداردا چەند کۆمپانیای نەوتی لەنێوانیاندا DNO نەرویجی، گەنەل ئێنێرجی و گەڵف کێستۆنی بەریتانی وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی بەرهەمهێنانیان لە کێڵكگەکانیاندا راگرت. هەروەها هێرشی درۆنی بۆ سەر کێلگەی سەرسنگ کە کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی تێدا سەرکارە راوەستا. لە 1ی نیسانی 2026، کۆمپانیای شاماران رایگەیاند کە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە ، تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی کێڵگەی سەرسەنگ روویداوە. هەرچەندە کارمەندان سەلامەت بوون، بەڵام کێڵگەی سەرسەنگ و ئەترووش ئێستا وەستاون. بەوجۆرە هێرشە درۆنییەکان بوونە هۆی وەستانی نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان لە دوو رووەوە زیانی پێگەیشت؛ زیان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان کە پارەیان خەرج دەکرد، بەڵام داهاتیان نەبوو. هەروەها زیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو نەوتەی لەدەستدا کە مەرجی سەرەکی بوو بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە بەغداوە.
بۆڕییەک کە بووە چەکێکی سیاسی
هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان لە نزیک بەسرە، هەناردەی باشووری عێراقی لە چەند رۆژی سەرەتای جەنگ دا پەکخست. بەرهەمهێنانی نەوت لە 4.35 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 1.4 ملیۆن بەرمیل کەم بووەوە. 90%ی داهاتی حکومەتی عێراق فەوتا. لەم کاتەدا بەغدا روویکردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکێشەکە سادە دیار بوو: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتیی هەرێمی کوردستان-جەیهانەوە، گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە وەستانی نەوت لە بەسرە. بەغدا داوایەکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گواستنەوەی لانیکەم 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رۆژێک دا. هەرێمی کوردستان گوتی بە مەرج رازی دەبێت و داوای لە بەغدا کرد ئەو بڕیارەی کانوونی دووەمی 2026 هەڵبوەشێنێتەوە کە رێگری لە بازرگانان دەکرد بتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە وەربگرن لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا رازی نییە سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی دا جێبەجێ بکات. هەروەها داوای گەرەنتی ئەمنی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و داننان بە شایستە داراییەکانیانی کرد. بەغدا هەولێری بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار کرد و، هەولێریش بەغدای بە شێواندنی راستییەکان تۆمەتبار کرد، سەرئەنجام بە هەوڵی نیوخۆیی هەرێمی کوردستان و بەشداریی ئەمریکا، هەناردەکردنی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە رێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان و بازاڕی جیهانی دەستیپێکرد.
بەپێی راپۆرتی (OilPrice.com)، ئەم چەقبەستووییە نیشانەی "پێچەوانەبوونەوەی تەواوی هاوسەنگیی هێز" بوو. بۆ یەکەم جار لە ماوەی 10 ساڵ دا، هەرێمی کوردستان کارتی گوشاری بەدەستەوە بوو بەرامبەر بەغدا. تاکە رێگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە خاکی کوردستانەوە تێدەپەڕی. لە جیاتی ئەوەی بەغدا راشکاوانە دەستی یارمەتی بۆ هەرێمی کوردستان درێژبکاتەوە و داوای لێبکات کە نەوتی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە توانای بەرزی بۆڕی کوردستان (زیاتر لە رۆژانە 700 هەزار بەرمیل)هەناردە بکات، بەخێراییەکی لۆجستی سەرسوڕهێنەرەوە وەڵامیدایەوە: ناردنی نەوت بە تانکەر لە رێگەی سووریا و ئوردنەوە و هەوڵدان بۆ بەکارھێنانی بۆڕیی کۆنی کەرکوک-جەیهان. بەپێچەوانەی بۆڕی هەرێمی کوردستان، بۆڕی کەرکووک هێشتا ئامادە نییە و بەهۆی کێشەی تەکنیکی و کونبوونی لە چەندین شوێندا ناکرێت جارێ کاری پێبکرێت. تەنانەت ئەگەر بە تەواوی چاک بکرێتەوە پێویستی بە رەزامەندنی هەرێمی کوردستانە و دەبێت لە دوایین بەشیدا لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە پەمپ بکرێت. ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەن کارتێکی بەهێزە.
سیناریۆکان
پێشبینییە ئابوورییەکان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بە تەواوی بەستراوەتەوە بەوەی ئەم جەنگە چۆن کۆتایی دێت. ئەگەر لە 30 بۆ 60 رۆژی داهاتوودا ئاگربەست بکرێت (کە ئەگەرەکەی 30-35%ـە)، ئابووری هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەخێرایی ئاسایی ببێتەوە و روو لە بووژانەوە بکاتەوە. کۆرمۆر ئامادەیە بۆ کارکردن، دانە گاز کە بەپێی هەندێ سەرچاوە ئێستا بەرهەمهێنانێکی سنوورداری هەیە، دەتوانێت لە چەند هەفتەدا بگاتەوە ئاستی پێش جەنگ، بەڵام جەنگێکی درێژخایەن (کە ئەگەرەکەی 35-40%ـە و بەهێزترین سیناریۆیە)، تەواو جیاوازە. هەر مانگێکی زیادە واتە وەستانی زیاتری گرێبەستە نەوتییەکان و کاری کۆمپانیاکان، نەدانی مووچەی زیاتر و، تۆرانی وەبەرهێنەران. مێژوو نیشانیداوە هەر جەنگێک زیاتر درێژتربێت، ئاسایی بوونەوەی دۆخی دوای جەنگ قورستر دەبێت. هەرێمی کوردستان ئەمەی لە ساڵانی شەڕی داعش دا بینی و، ئێستا دەکرێ دووبار ببێتەوە.
قەڵا تەماشا دەکات
هەرێمی کوردستان لەم جەنگە رزگاری دەبێت و دەبووژێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: چ جۆرە بووژانەوەیەک؟ گەڕانەوە بۆ هەمان پێکهاتەی کۆن؟ نەوت بۆ سۆمۆ، مووچە لەژێر رەحمەتی بەغدا، گرنگترین کێڵگەی گازی کوردستان، کۆرمۆر بەبێ بەرگری؟ ئەگەر وابێت ئەمە واتای گەڕانەوەیە بۆ هەمان دۆخی لەرزۆکی پێش جەنگ. جەنگی ئێران پەنجەرەیەکی کردووەتەوە هەرچەندە تەسک و کاتییە، بەڵام مەرجەکان بۆ رێککەوتنێکی جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر لەبارە لە هەر کاتێکی دیکەی دوای 2003.
میکانیزمی دابەشکردنی داهات، چارەسەری دەستووریی نەوت و گاز، بەرگری لە ژێرخانی وزە، ئەمانە تەنیا پرسی تیۆری و سەرکاخەز نین. ئابووریی 10 ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بە چارەسەرکردنی ئەو پرسانە. قەڵا بینیویەتی کە لەخوارەوە چۆن شارەکە دەبووژێتەوەو زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە، بەڵام هەرگیر نەیبینیوە واز لە "سەربەخۆیی لە بڕیاردان" بهێنێت و مل بۆ هەموو داواکارییەکی بەغدا کەچ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ