رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، "پار کورتهێنانى بودجە 5 تریلیۆن دینار بووە و گەشەى بەرهەمى ناوخۆیی گەیشتووەتە 5%."
تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، "گەشەى بەرهەمى نانەوتى لە ساڵى 2024 بە رێژەى 5% زیاد بووە، پێشبینی دەکرێت ئەو گەشەکردنە بۆ 2025 بە رێژەى 4% بەردەوام بێت."
لە راپۆرتى خەرجى و داهاتى 11 مانگى ساڵى 2024دا کە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بڵاویکردووەتەوە، داهاتى نانەوتى 16.2 تریلیۆن دینار بووە لە کۆى 119 تریلیۆن دینارى تێکڕاى داهات.
بە گوتەى وەزیرى دارایی عێراق، پار کورتهێنانى بودجە 5 تریلیۆن دینار بووە، کە 1.5%ى تێکڕاى بەرهەمى نێوخۆیی بووە، لەدواى جیاکردنەوەى قەرز و شایستەى دارایی پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و وزە.
تەیف سامى بە میدیاى فەرمیى عێراقى گوتووە، "ئەو کورتهێنانە کەمە و کاریگەریى نابێت لەسەر قەرزى گشتى."
خشتەى بودجەى 2024ى عێراق 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستانیش زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، ئاستى بەرهەمى نەوتى پەیوەستە بە بڕیارەکانى رێکخراوى ئۆپێک و دیاریکردنى بڕى بەرهەمهێنان و نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان.
بەگوێرەى رێککەوتنى لەگەڵ ئۆپێک، دەبێت عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، لەو بڕە نزیکەى 3.2 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ