رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ نرخی نەوت بە رێژەی 6% بەرزبوونەوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام، ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی زیاتر لە 1% دابەزی. ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی هێزی دەریایی ئەمریکاوە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئێران تاڕادەیەک کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لەدەستبدات. ئەوەش دەتوانێت رێگە بۆ گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە.
نرخی نەوتی برێنت 1.22 دۆلار یان بە رێژەی 1.1% دابەزی و گەیشتە 113.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی برێنت، دوای رۆژی دووشەممە بە رێژەی 5.8% بەرزبووەوە. نەوتی تەکساسی ئەمریکا 2.02 دۆلار یان بە رێژەی 1.9% دابەزی و گەیشتە 104.40 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی رابردوو بە رێژەی 4.4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی دووشەممە ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بە ئامانجی کردنەوەی تەنگەی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا دەستپێکرد. کۆمپانیای مایرسک رایگەیاند کە کەشتیی (ئەڵایەنس فەیرفاکس)، کە کەشتییەکی تایبەتە بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و ئاڵای ئەمریکای هەڵگرتووو، بە یاوەریی سوپای ئەمریکا لە رێگەی تەنگەکەوە لە کەنداو تێپەڕیوە، ئەمەش مەترسییەکانی پچڕانی دابینکردنی نەوتی تا رادەیەک رەواندەوە.
تیم واتێرێر، گەورە شرۆڤەکارای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە دەڵێت: "چوونە دەرەوەی سەرکەوتووانەی ئەو کەشتییەی کە لەلایەن مایرسکەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، یارمەتیدەر بووە لە رەواندنەوەی هەندێک لە مەترسییەکانی پچڕانی دابینکردن."
واتێرێر دەڵێت: "ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە لە بارودۆخی ئێستادا تێپەڕبوونی سەلامەتیی کەشتییەکان بە شێوازێکی سنووردار دەکرێت رووبدات و ئەوەش یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی هەندێک لە مەترسییەکان. بەڵام هێشتا ئەمە تەنیا رووداوێکی دەگمەنەوە و تەنگەکە بە یەکجاریی نەکراوەتەوە."
سەرەڕای ئەوەش هەندێ لە شرۆڤەکاران دابەزینە کەمەکەی ئەمڕۆی نرخی نەوتیان بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ