رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆتایی وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکانی مانگی نیساندایە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا 50%ی ئەو داهاتە بداتە حکومەتی فیدراڵی.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی نووسراوی تایبەت بە داهاتی نانەوتی ئامادە دەکەین. هێشتا وردبینیکردن بەردەوامە تاوەکو بە وردی بزانرێ داهاتی نانەوتیی مانگی نیسانی هەرێمی کوردستان چەندە، بەڵام لە قۆناخی کۆتاییداین."
بەپێی ئەو ئامارەی ئێستا لەبەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندایە، داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینارە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، "سبەی نووسراوەکە ئامادە دەکرێ و لەم یەک دوو رۆژەدا بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەنێردرێ."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی، داوا دەکرێ لەسەر هەمان میکانیزمی مانگی پێشوو داهاتەکە وەربگیرێ کە رادەستکردنی 50%ی داهاتەکان بوو و "بەو پێیەش بۆ مانگی نیسان نزیکەی 52 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێ."
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.
لەبارەی پرسی مووچە و داهاتەکان، رۆژی 2ـی ئایاری 2024، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دڵنیایی دا کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و گوتی: "مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ