عێراق بڕیاریدا 400 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی کڕینی گەنمی بۆ وەرزی داهاتوو دیاریکرد و پشکی هەرێمی کوردستانیشی بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد کە 292 هەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان و 108 هەزار تۆنەکەی دیکەش بە پارەی دەرەوەی پلان لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێ.
 
رۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی 18یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، نەوت، بەرگری و نیشتەجێبوون دران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران نرخ و پلانی وەرگرتنی گەنمی بەم شێوەیە پەسند کرد:
 
- رەزامەندیی نیشاندا لەسەر هەموارکردنەوەی نرخی گەنم و پلانی وەرگرتنی بنەتۆوی پلە یەک بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2025-2026 بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەوانەی پلانی کشتوکاڵی دەیانگرێتەوە.
 
دووەم: 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەو بڕانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین.
 
سێیەم: هەژمارکردنی بەرهەم بە 900 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی لە چوارچێوەی سیستمی ئاودێریی نوێدان؛ 750 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە بەراوەکان، هەروەها 300 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە دێمییەکان.
 
چوارەم: وەرگرتنی بڕی 100 هەزار تۆن لە بنەتۆوی پلەی باڵا، بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
 
پێنجەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ وەرزی کشتوکاڵی (2025-2026)، 400 هەزار تۆن دەبێت؛ 292 هەزار تۆنی لەنێو پلاندایە و 108 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلاندایە.
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ وەرزی پێشوو (2024-2025) و وەرزی ئێستا (2025-2026) خەرج بکات، ئەمەش لەڕێگەی ئەوەی وەزارەتی دارایی بڕی قەرزەکان و سووەکانیان لە پڕۆژەیاسای داهاتووی بودجەی گشتیدا جێگیر بکات، هەروەها وەزارەتەکە گەرەنتیی دانەوەی بڕی قەرزەکە و سوودەکانی بداتە بانکی بازرگانیی عێراق.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری نیشاندا سەبارەت بە کردنەوەی دەرگەی هاوردەکردنی هێلکە، بە مەرجی حەواڵەی دەرەکی لەرێگەی میکانیزمی زانیاری پێشوەختە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاو (بەسرە - حەدیسە) کرا. رێگە بە کۆمپانیای گشتیی ئاسن و پۆڵا درا سوود لە کارگەی دەرەکی وەربگرن بۆ دروستکردنی بۆری، بەو مەرجەی لە ناوخۆی عێراق و بە چاودێریی وەزارەتی نەوت بپشکنرێن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەموارکردنەوەی تەرخانکراوە داراییەکانی وەزارەتی بەرگری لە بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2026 پەسند کرا.
 
بڕیاردرا پشکی دەوڵەت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون جێگیر بکرێ، بە جۆرێک کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ژمارەیەک یەکە بدەنە حکومەت لە بەرامبەر ئەو ئاسانکارییانەی بۆیان کراوە.
 
خشتەی پێشنیازکراوی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2026 کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چین پارەدار دەکرێن، پەسند کرا.
 
وەزارەتی کارەبا راسپێردرا پڕۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ نەخۆشخانەی دوجەیل (بە توانای 100 قەرەوێڵە) جێبەجێ بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆنسەی زێڕ. وێنە: Reuters

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4,540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، دوای ئەوە دوێنێ بۆ نزمترین ئاستی یەک مانگی رابردوو دابەزی. سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەمڕۆ سنووردار بووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت کە مەترسییەکانی هەڵاوسانی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.