رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری خوزستان دەڵێت، سەرەڕای دۆخی جەنگ، هیچ بنبەستێکی ئابووری لەبەردەم وڵاتەکەیدا نییە و ئامادەن هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم بەرهەمهێنان، هەناردە و هاوردە لابدەن. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران کاردەکات بۆ پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی شەلەمچە و چەزابەوە.
محەممەدڕەزا موالی زادە، پارێزگاری خوزستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی حکومەت و کەرتی تایبەتدا رایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن حکومەتەوە پێی دراوە، ئامادەیە کارئاسانی تەواو بۆ کەرتی ئابووری بکات و ئەو کێشانەی لە بەردەم هەناردەکردن و هاوردەکردن هەن، چارەسەریان بکەن.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بوو لەگەڵ عێراق. موالی زادە لەو بارەیەوە گوتی: "ئێستا دوو دەروازەی سنووریی چالاکمان لە شەلەمچە و چەزابە هەن. بەپێی گفتوگۆکانیشمان، لایەنی عێراقی ئامادەیی نیشانداوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
موالی زادە رایگەیاند، ئەوان بەوپەڕی تواناوە پشتگیری لە کەرتی تایبەت دەکەن بۆ ئەوەی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگەیێننە ئاستێکی بەرزتر و رێگری لەوە بکەن چالاکییە ئابوورییەکانیان پەکی بکەوێ.
پارێزگاری خوزستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە وڵات لە دۆخێکی جەنگی و ئاگربەستێکی ناسەقامگیردایە، بەڵام ئەوان لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، هەموو هەوڵێکیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک خستووەتە گەڕ. گوتیشی: "حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی هیچ کەموکوڕییەک لە بازاڕدا دروست نەبێت."
پارێزگاری خوزستان باسی لەوەش کرد، ئەمریکا دەیەوێ لە رێگەی گەمارۆی ئابوورییەوە ئاستەنگی جیدی بۆ ئێران دروست بکات، بەڵام ئەوان ئەو ئاستەنگانە ناهێڵن. داواشی لە بازرگانان و سەرمایەداران کرد لەم دۆخەدا پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن و حکومەتیش بەردەوام دەبێت لە لابردنی کۆسپە کارگێڕی و یاساییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ