رووداو دیجیتاڵ
ئەو کچە گەنجە بارزگانەی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بەدەستهێنا دەڵێت، ژنانێکی زۆری خاوەنکار هەن لە هەرێمی کوردستان و ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت دەتوانن هاوشانی پیاوان و زیاتریش پەرە بە سێکتەری بازرگانی بدەن. دەشڵێت، کاردەکەن بۆ بووژاندنەوەی بازاڕ و بازرگانی لە سلێمانی.
شێنێ ئیختیار فارس، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵانە و لە هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیدا کە سێ هەزار و 760 بازرگان دەنگیان دا، بە بەدەستهێنانی دوو هەزار و 337 دەنگ بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، ژنانی کوردیش هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە دەتوانن ببنە خاوەنکار.
شێنێ ئیختیار فارس پێیوایە ئاسان نییە ئافرەت کاری بازرگانی بکات و هێشتا کۆمەڵگە بەوە رانەهاتووە و زۆرجار لە کاری بازرگانیدا ئاستەنگیان بۆ دروستدەبێت، بەڵام کاردەکەن بۆ پەرەپێدان و کارئاسانی بۆ ئافرەتانی خاوەنکار لە سلێمانی.
بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەلایەن کچێکی تەمەن 27 ساڵ کە دەکرێت گەنجترین بازرگان بێت لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە ماوەی 17 ساڵ بوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان نەکرابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا، 29 هەزار و 684 کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەشدا ژنان دەنگیاندا و بەربژێر بوون بۆ پۆستە جیاوازەکان.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ شێنێ ئیختیار فارس باسی لەوەکرد، کە گرووپی کۆمپانیاکان لە سلێمانی و بەغدا کاردەکەن، لە سلێمانی بازرگانی گشتی لە زۆر لە بواردا دەکات و لە بەغدا باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکات.
شێنێ سەبارەت بە کارکردنی ئافرەتان لە بواری بارزگانی، گوتی، ئافرەتانی کوردیش وەکو نەتەوەکانی دیکە دەتوانن ببنە بازرگان و خاوەنکار، لە وڵاتانی گەشەسەندوو پشتیوانییەکی بەرفراوانی ژنانی خاوەنکار دەکرێت و کاردەکەین ئەم نەریتە بگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
شێنێ کچی پیاوێکی کۆمەڵایەتییە، باوکی "ئیختیاری حاجی فارس" سەرۆکی عەشیرەتی "بێسەری"یە کە یەکێکە لە عەشیرەتە دیار و گەورەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەوەی ئایا عەشیرەتەکەی یان باوکی، کە سەرۆکی عەشیرەتەکەیە هیچ رێگرییەکیان هەبووە بۆ ئەوەی کچێکی گەنجیان ببێتە بازرگانێکی گەورە و دەربکەوێت دەڵێت، "راستە باوکم سەرۆک عەشیرەتە، بەڵام بەردەوام پشتیوانی سەرکەوتنم بووە و ئازادی کارکردنی پێبەخشیووم." گوتیشی، "زۆر جار بۆ کارە گەورە و هەستیارەکانی کۆمپانیا راوێژ بە باوکم دەکەم"
بەپێی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی 13 کەس بۆ ئەنجوومەنی ژوورەکە سەرکەوتوون کە پێکدێن لە "شێنێ ئیختیار فارس 2337 دهنگ، نهوزاد رهباتی 2273 دهنگ، بورهان عهلی 1825 دهنگ، عوبێد ئهحمهد 1780 دهنگ، محهممهد رهسوڵ 1699 دهنگ، ئارام بابان 1674 دهنگ، ئهحمهد عهلی 1548 دهنگ و بابان عوسمان 1522 دهنگ.
دوای هەڵبژاردنەکە دادوهر عومهر ئهحمهد، به نوێنهرایهتیی دادگای تێههڵچوونهوهی سلێمانی له كۆنگرەیەکی رۆژنامهڤانیدا باسی له سهرپهرشتیكردنی پڕۆسهكهی كرد و گوتی، له رووی یاساییهوه ههڵبژاردنێكی شهفاف و بێ كێشهی یاسایی بهڕێوهچووه، بێ ناڕهزایی بووه و سهردهمیانه بهڕێوهبرا و ئێمهش وهكو سهرۆكایهتیی دادگای تێههڵچوونهوهی سلێمانی پشتڕاستی ئهنجامهكانمان كردهوه.
بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان، پێویستە هەموو ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە پارێزگاکان کۆبوونەوە بکەن و هەر ژوورێکیان لەنێو ئەو ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوانەدا سەرۆک و دوو جێگر لەنێو خۆیاندا هەڵبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ