رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق دەڵێت: گرێبەستێکی گەورەیان بە بەهای 27 ملیار دۆلار لە بواری نەوت و گاز لەگەڵ عێراق واژۆکردووە کە بۆ ماوەی 30 ساڵە و هەزاران هەلی کارکردن بۆ عێراقییەکان دەڕەخسێنێت و سەرنجیان لەسەر پێدانی دەرفەتی زیاتری کارکردنە بە ئافرەتان.
دونیا چەلەبی، بەڕیوەبەری تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە گرێبەستێکی گەرەی کۆمپانیاکەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت جگە لە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت بەشێکی گرێبەستەکەیان بۆ کۆکردنەوەی گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکان و گۆڕینێتی بۆ گازی شل بە مەبەستی بەکارهێنانی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
گوتیشی: بەشێکی دیکەی گرێبەستەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبایە لە رێگەی تیشکی خۆرەوە و پرۆژەکە بە 4 قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و لە هەر قۆناخێکدا 250 مێگاوات کارەبا لە وزەی پاک بەرهەمدەهێنرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دونیا چەلەبی، بەڕیوەبەری تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق:
رووداو: دونیا، ئێستا بەهای تەواوی گرێبەستەکەتان چەندە؟
دونیا چەلەبی: دەبێت ئاگاداری دوو ژمارەی جیاواز بیت، دەبێت بیستبێتت کە 27 ملیار دۆلار کۆی خەرجیی سەرمایەگوزاری و کارپێکردنە بۆ ماوەی 30 ساڵ، هەروەها دەبێت خوێندبێتتەوە کە 10 ملیار دۆلار سەرمایەگوزارییە لە خەرجی بنەڕەتی لە ماوەی وەبەرهێناندا.
رووداو: 10 ملیار دۆلار تەنیا بۆ چەند ساڵێک، ئەی کۆی گشتییەکەی چەندە؟
دونیا چەلەبی: تەنیا بۆ چەند ساڵێک و تەنیا بۆ وەبەرهێنان، کۆی گشتی 27 ملیارە بۆ 30 ساڵ لەگەڵ تێچووی کارپێکردن.
رووداو: گرێبەستەکە ماوەیەکە واژۆکراوە، بەڵام چەند جارێک دواکەوت، هۆکارەکەی چی بوو؟
دونیا چەلەبی: راستییەکەی، دواکەوتن نەبوو، یەکەمجار لە ساڵی 2021 واژۆمان کرد، دواتر چەند مەرجێک هەبوون بۆ پەسندکردنی، ماوەیەکی پێچوو تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێکران و توانیمان لە 10ی تەممووزی 2023 بە فەرمی واژۆی بکەین.
رووداو: لەنێو پڕۆژەکان دا، کامیان ئێستا جێبەجێ دەکرێن؟
دونیا چەلەبی: دەتوانین باسی جێبەجێکردنی هەموویان بکەین، لە نەوتەوە دەستپێدەکەم، چونکە پێشتر لە بەرهەمهێناندا بووە، نەک لەبەر ئەوەی گرنگترین پڕۆژەیە، وەک دەزانیت، چوار پڕۆژەمان هەن و پێنجەمیشمان زیاد کردووە، باسی نەوت دەکەم، چونکە پێشتر کاری لەسەر کرابوو، ئێمە بەرهەمهێنان زیاد دەکەین و کێڵگەکە نۆژەن دەکەینەوە، چاوەڕوان دەکەین لە دوو قۆناخ دا زیاتری بکەین، هەروەها پڕۆژەی گاز کە بریتییە لە کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو گازەی لە کێڵگە جیاوازەکانەوە دەسووتێنرێت، ئینجا بۆ ئەوەی کات بگێڕینەوە، توێژینەوەکانمان پێش پەسندکردنی گرێبەستەکە دەستپێکرد و زۆر بە خێرایی تەواومان کرد، ئەم ساڵیش دروستکردنی پڕۆژەی گاز جێبەجێ دەکەین.
پڕۆژەی وزەی خۆریش ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یەکەم 250 مێگاوات دەخەینە سەر تۆڕی نیشتمانی.
بە باسی پڕۆژەی ئاویش کۆتایی پێدەهێنم، کە توێژینەوەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە کرد و بەم زووانە جێبەجێی دەکەین.
رووداو: گرێبەستەکە کۆکردنەوەی 600 ملیۆن پێ سێجا گاز لەخۆدەگرێت، ئەمە چۆن یارمەتی عێراق دەدات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گازی هاوردە؟
دونیا چەلەبی: ئەمە زۆر پەیوەندی بە کەمکردنەوەی پشتبەستنەوە نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە دابینکردنی کارەباوە هەیە، ئەم گازەی ئەمڕۆ دەسووتێنرێت، کۆدەکرێتەوە و چارەسەر دەکرێت و دەکرێت بە گازی شل و دواتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت. لە قۆناخی یەکەم دا کە نیوەی 600 واتە 300 ملیۆن پێ سێجایە، ئەمە کارەبا بۆ ماڵەکانی باشوور دابین دەکات و ژمارەیەکی بەرچاوی خێزان سوودمەند دەبن. لە قۆناخی دووەمیش دا ئەم ژمارەیە دووهێندە دەبێت.
رووداو: سەرنجڕاکێشە، قەتەر گاز بە 25٪ پشک هاتووەتە ناو پڕۆژەکەوە؟
دونیا چەلەبی: قەتەر ئینێرجی.
رووداو: قەتەر ئینێرجی، 25٪ی پشکەکانی هەیە، چ رۆڵێک دەبینێت؟
دونیا چەلەبی: ئەوان هاوبەشن، ئێمە هەموومان سێ هاوبەشین: تۆتاڵ ئینێرجی، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و قەتەر ئینێرجی، سێ هاوبەشین کە پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە بەردەوامی و پابەندبوون بە خشتەی کاتی پڕۆژەکان.
رووداو: ئایا کارەکانی قەتەر ئینێرجی تەنیا پەیوەندی بە گازەوە هەیە؟
دونیا چەلەبی: نەخێر بە هیچ شێوەیەک، کارەکەیان پەیوەندیی بە هەموو پڕۆژەکانەوە هەیە.
رووداو: بە هەموویانەوە؟
دونیا چەلەبی: باسی پڕۆژەی پێنجەممان دەکرد کە زیادمان کردووە، بۆ کۆکردنەوەی ئەو گازەی کێڵگەی رەتاوی بەرهەمی دەهێنێت، کارگەیەکی بچووک دروست دەکەین بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو گازەی لە رەتاوی دەسووتێنرێت.
رووداو: باسی ئاوت کرد، یەکێک لە بەشەکانی ئەم گرێبەستە بەکارهێنانی ئاوی دەریایە لە جیاتی ئاوی ئاسایی بۆ بیرەکانی نەوت، لە کاتێکدا عێراق ئێستا پێویستی بە ئاوە، عێراق بە فەرمی دەڵێت لە دۆخی هەژاری ئاودایە ئەمە قسەی حکومەتە.
دونیا چەلەبی: بەڵێ نیگەرانی لەبارەی ئاوەوە هەیە.
رووداو: بەڵێ، ئینجا باسی توێژینەوەت لەم بارەوە کرد، پێتوایە ئەمە کەی جێبەجێ دەکرێت؟
دونیا چەلەبی: بەمزووانە جێبەجێی دەکەین، ئێمە لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەیەکی بەڕێوەبردنی هاوبەشداین کە لە وەزارەتی نەوت وەک رێکخەر و قەتەر ئینێرجی و کۆمپانیای نەوتی بەسرەش وەک هاوبەش پێکهاتووە، هەموو پڕۆژە و بڕیارەکان لەلایەن ئەم لیژنەیەوە بەڕێوەدەبرێن و هەر کە رەزامەندی دەستپێکردنمان وەرگرت دوای تەواوبوونی توێژینەوەکان و هەڵبژاردنی کۆمپانیاکانی ئەندازیاری، کڕین و دروستکردن، ئەوا جێبەجێی دەکەین، واتە لە ٢٠٢٥دا پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین و لە هەمان ساڵیش دا ئەنجامەکانیان دەبینین.
رووداو: ئەی لەبارەی وێستگەی وزەی خۆرەوە گەیشتوونەتە کوێ، توانای هەزار مێگاواتی هەیە؟
دونیا چەلەبی: لە چوار قۆناخ دا دەبێت.
رووداو: لە باشووری عێراقە؟
دونیا چەلەبی: لە باشوورە، نزیک ناوچەی رەتاوییە، بە چوار قۆناخ دەکرێت، قۆناخی یەکەم تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە و یەکەم 250 مێگاوات دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، یەکەم ئەلیکترۆن دەخرێتە سەر تۆڕەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ و پاشان ساڵی داهاتوو و لە دوو ساڵی دواتردا، سێ قۆناخەکەی دیکە جێبەجێ دەکەین.
رووداو: تۆتاڵ ئینێرجی چۆن دڵنیایە کە ئەم پڕۆژانە لەگەڵ بەڵێنەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی گازە پیسکەرەکان دەگونجێن؟
دونیا چەلەبی: دەبێت بزانیت ئێمە خۆمان زۆر ئاگادارین لە گازە پیسکەرەکان و دڵنیا دەبین لە ئامانجەکانمان بۆ کەمکردنەوەیان و پابەندین پێیانەوە، بێگومان بە بیرۆکەی هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی رێژەی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن هاتووینەتە ناو ئەم رێککەوتنەوە و ئەم پڕۆژەیە لایەنێکی بەردەوامی باشی هەیە کە رێژەی پیسبوون بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و وزەی پاکتر دابین دەکات بە وزەی خۆر و گاز، خەڵک دەستیان بە وزەی پاکتر دەگات، هەروەها گوشار و نیگەرانی کەم ئاویش کەم دەبێتەوە، هەموو ئەمانە دەچنە خانەی بیرۆکە و سیاسەتەکانی گواستنەوەی وزەوە.
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی ژینگەوە ئێمە لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەواداین و هەموو کۆمپانیا گەورەکانی وزە بە جۆرێک روو لە وزەی نوێبووەوە دەکەن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بینیومانە کە تۆتاڵ ئینێرجی گەڕاوەتەوە عێراق، (بی پی) یش گەڕاوەتەوە و بە بڕی دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە نەوت دا دەکەن، هەرچەندە باست کرد بەشێکی بۆ ئەوەیە کە عێراق زیاتر پشت بە وزەی پاکتر ببەستێت ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە ئەمە بۆچی؟ بۆچی گەڕاونەتەوە بۆ وەبەرهێنان لە نەوت؟
دونیا چەلەبی: هەموو کۆمپانیاکانی وزە پابەندن بەوەی زۆرترین هەوڵبدەن بۆ گواستنەوەی وزە و کاتێک جەخت لە تۆتاڵ ئینێرجی دەکەمەوە کە ئێمە پابەندین بە ستراتیژی گواستنەوەی وزە، کەمکردنەوەی رێژەی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و ستراتیژی فرەوزەیی کە بۆ پڕۆژە یەکگرتووەکان دیزاین کراوە تاوەکو لە لایەکەوە لە بەرهەمهێنان دڵنیابین، بەڵام بە رێژەی پیسبوونی کەم و، لە لایەکی دیکەوە، کاریگەرییە خراپەکانیشی کەم بکەینەوە.
رووداو: زۆر جار کۆمپانیا گەورەکان، کاتێک دەیانەوێت بە بڕە پارەیەکی وا گەورە لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، خەمی خۆیان هەیە، چۆن دەڕوانیتە ئەمە؟ چ گەرەنتییەکتان هەیە بۆ وەبەرهێنانی 27 ملیار دۆلار بۆ ماوەی 30 ساڵ؟
دونیا چەلەبی: گرێبەستێکمان لەگەڵ دەسەڵاتداران، حکومەت و هاوبەشەکانمان واژۆکردووە و ئێمە پابەندین بە گرێبەستەکە و ئەوانیش پابەندن تاوەکو ئێستا، پێکەوە بەردەوامین، پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە رێز لە خشتەی کات دەگرین و پڕۆژەکە جێبەجێ دەکەین و وای لێدەکەین سەربگرێت.
رووداو: زیاتر پشت بە کام پێشبینی بۆ داهاتووی وزە دەبەستیت، نازانم ئەگەر وشەی متمانە گونجاو بێت بۆ بەکارهێنان، پێشبینیی ئۆپێک یان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە؟
دونیا چەلەبی: ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر هیچ کامیان بدەم، ئەوەی دەتوانم پێتی بڵێم ئەوەیە کە وەک هەموو کۆمپانیاکانی وزە، چاوەڕوانی تایبەت بە خۆمان هەیە لەبارەی وزە، هەموو چاوەڕوانییەکان، تەنانەت ئەوانەی کەمترین چاوەڕوانیت لێیان هەیە، باسی پێویستیی گواستنەوەی وزە و کەمکردنەوەی کاربۆن لە وڵاتان دا دەکەن.
رووداو: وەکو تۆتاڵ ئینێرجی، بەشداریتان لە خولی پێنج پڵەسی مۆڵەت وەرگرتن لە عێراق دا نەکرد، ئایا پلانتان هەیە بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەم، کە پێموایە زیاتر سەبارەت بە وەبەرهێنان لە گازدا دەبێت؟
دونیا چەلەبی: ئێستا خۆمان پڕۆژەیەکی زۆر گەورەی گازمان هەیە با جارێ ئەمەی هەمانە تەواوی بکەین.
رووداو: با ببینین. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە جگە لەم پڕۆژانە، وەبەرهێنان لە بەشەکانی دیکەی عێراق بکەن؟
دونیا چەلەبی: با ئەم پڕۆژەیەی ئێستا تەواو بکەین، زۆر پەرۆشین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتی خۆیدا و رێز لە خشتەی کاتەکە بگرین، زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە پابەندبین بەوەی شوێنێکی باشتر بەجێبهێڵین لەوەی دۆزیمانەوە، زۆر باشتری بکەین ، ئەمە هەر لە سەرەتاوە سەرنجی ئێمەیە و خاڵی جەختلێکراوی ئێمەیە.
رووداو: وادیارە کاری زۆرتان هەیە بیانکەن و تەواوی سەرنجی بردوون.
دونیا چەلەبی: لە داهاتوودا دەبینین چی روودەدات، بەڵام بۆ ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەمەیە.
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژانەی ئێوە چەند هەلی کار بڕەخسێت، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؟
دونیا چەلەبی: راستەوخۆ پێنج هەزار کار، ناڕاستەوخۆ 10 هەزار هەلی کار، نزیکەی 10 هەزار هەلی کار، رێژەیەکی بەرزی بەعێراقیکردنمان لە کارەکاندا هەیە و زۆر باش کاردەکەین، پێشینەیەکی باشمان هەیە لەم بوارەدا.
رووداو: دەمەوێت پرسیار لەسەر بەشداریکردنی ئافرەتان بکەم، تۆ سەرۆکی تۆتاڵ ئینێرجیت لە عێراق و ئافرەتیت، کە خاڵێکی ئەرێنییە لە دروستکردنی ئەو هەلی کارانەدا، رێژەی ئافرەتان چەندە؟
دونیا چەلەبی: رێژەمان نییە، سیاسەتێکی گشتیمان لە کۆمپانیادا هەیە بۆ یەکسانیی نێوان پیاوان و ئافرەتان و پێشخستنی ئافرەتان، هەروەها لە خوێندنیشیاندا، بۆ ئەوەی بتوانن، کچان و کچە گەنجەکان لە خوێندنیاندا ببن بە ئەندازیار، ئەم سیاسەتە لە عێراقیش پەیڕەو دەکەین بەوەی کە هانی زۆرترین دامەزراندنی ئافرەت دەدەین بەپێی ئەو شارەزاییانەی هەن.
رووداو: ئایا دۆزینەوەی هەندێک ئافرەت کە ئەو مەرجانەی کارەکانی ئێوەیان تێدابێت لە عێراق قورس نییە، چونکە کەرتی نەوت و وزە لە عێراق زۆرتر پیاوان بەسەریدا زاڵ بوون؟
دونیا چەلەبی: ئەوەتا من عێراقیم و ئافرەتم و کاریش دەکەم.
رووداو: ئەمەش زۆر باشە، ئەگەر بکرێت لێت بپرسم، گەورەترین ئەو ئاستەنگانە چین کە لەم پڕۆژە گەورەیەدا رووبەڕووتان دەبنەوە؟
دونیا چەلەبی: ئاستەنگی راستەقینە ئەوەیە کە سەرنجمان لەسەر هاوئاهەنگکردنی پێنج پڕۆژە بێت و دڵنیابین کە بە باشی بەڕێوە دەچن، پێنج پڕۆژەی هاوتەریب، ئەمە یەکجار گەورەیە ئینجا هەموو ئەو کارانەش بکەین کە پێوەیان پەیوەستن، ئەمەش ئاستەنگێکی ئەرێنییە کە سەرنجمان لەسەریەتی، کەواتە هەموو ئەو شتانەی کە لەگەڵیدا دێن وەک بەشێک لە کارەکە سەیر دەکرێن.
رووداو: بەڵام دیسانەوە، دەزانم ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە لە کۆمپانیاکانی دیکەوە بیستوومانە کاتێک لە عێراق کاریان کردووە لەگەڵ سیاسییەکاندا ئاستەنگیان هەبووە، هەروەها ئاستەنگی ئەمنی، ئێوە چۆن ئەمە چارەسەر دەکەن؟
دونیا چەلەبی: هێشتا چارەسەرمان نەکردوون، چونکە شتی وا رووینەداوە، زۆر سوپاسگوزارین بۆ ئەو پشتگیرییەی لێمان دەکرێت وەک پێشتر پێمگوتیت ئەو لیژنەی بەڕێوەبردنە هاوبەشەمان هەیە کە بەڕێوەی دەبات کەواتە پشتگیریی حکومەت و هاوبەشەکانمان هەیە و بەرەوپێش دەچین.
رووداو: کۆمپانیای نەوتی بەسرەش بەشێکە لەم پڕۆژەیە، چۆن مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان دەکەن؟
دونیا چەلەبی: زۆر باش دەست لەنێو دەست پێکەوە کاردەکەین، ئێمە دەیکەین ئەوە دەزانم و وادیارە ناتوانم قایلت بکەم، بەڵام ئێمە دەیکەین.
رووداو: نا، زۆر جار لە کۆمپانیاکانی دیکە بیستوومە کە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی عێراق ئاسان نییە بەهۆی ئەو رۆتین و بیرۆکراسییەی هەیانە ئایا لەم بارەوە ئاستەنگتان نییە؟
رووداو: کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن دەزانیت، لە هەموو وڵاتێکدا بیرۆکراسی و رۆتین هەیە، لە هەموو وڵاتێکی جیهان دا ئەگەر ویستت هەبێت بۆ سەرکەوتنی کارەکان، ئەوا سەردەکەوێت، ویستەکەش هەیە و لەنێوان هاوبەشەکاندا هاوبەشە.
رووداو: خشتەی کاتی چاوەڕوانکراو بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەم گرێبەست و پڕۆژانە کەیە؟
دونیا چەلەبی: جێبەجێکردن بەردەوامە، تەواوی ئامادەبوونی کارپێکردن، ئەگەر بتوانم بڵێم، تاوەکو کۆتایی 2027ـە.
رووداو: ئێستا لە 2025 داین، کەواتە تەنیا سێ ساڵتان لە بەردەستدایە.
دونیا چەلەبی: کەمتر لە سێ ساڵ، چونکە بە درێژایی ساڵی 2027 کاری پێ دەکەین، کەواتە من زۆر زۆر بە گرنگییەوە ئەمە وەردەگرم، خشتە و کاتێکی زۆر کەمە.
رووداو: ئەمە خشتەیەکی کەمە، بەتایبەت کاتێک باسی وزە و گاز و نەوت دەکەین، ئەم بوارە کاتی دەوێت تاوەکو ئێستا، بەپێی خشتەکە کارەکانتان پێش دەکەون؟
دونیا چەلەبی: بە دڵنیاییەوە، ئێمە پێش دەکەوین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ