بەغدا پارەی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد

06-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، جارێکی دیکە مووچەی هێزە ئەمنییەکانی تێدانییە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی پێنجشەممە 06-06-2024 ، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکە ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد لەگەڵ شایستەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، چاودێری، گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، شایستەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گرێبەستەکان و شایستەی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی شایستەی دارایی مانگی ئایار(5)ی ساڵی 2024 دا. 
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، هیچ ئاماژەیەکی بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەکردووە، لەکاتێکدا  هێشتا مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە.
 
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بۆ ساڵێک، کە 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچەیە. مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 960 ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە