رووداو دیجیتاڵ
بریکارێکى وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمپانیاکانى نەوت و هەرێمى کوردستان وەستاوە و، وەزارەتەکەى "هەموو جۆرە" ئاسانکارییەکى بۆ ئەو هەناردەکردنەوەیە کردووە. گوتیشى، "بە ویستى خودا، لە رۆژانى داهاتوودا دەگەینە رێککەوتن."
باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دەرهێنان رایگەیاند، هەناردەکردنەوەى نەوت لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت وەستاوە، حکومەتى فیدراڵى و وەزارەتەکەى "هەموو جۆرە" ئاسانکارییەکیان کردووە و پێداویستییەکانیان دابین کردوون بۆ وەرگرتنى نەوت و هەناردەکردنى؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکان بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکاى نەوت و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنى کۆتایی لەبارەى رادەستکردنى ئەو نەوتەى بڕیارە هەناردە بکرێت.
باسم محەممەد خزەیر لە وەڵامی پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتى، "بەویستى خودا لەرۆژانى داهاتوودا دەگەینە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان و هەرێمى کوردستان. لەراستیدا ئەو گفتوگۆیانە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکرێن، بەو پێیەى گرێبەستەکان لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکان واژۆ کراون."
بەربەستى سەرەکى لەبەردەم کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت، گەرەنتیى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارەیە کە بەغدا لە یاسای بودجە دیاریکردووە وەک شایستەى دارایی بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە دەبێت بیداتە کۆمپانیاکان.
بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دەرهێنان لە پەراوێزى کۆڕبەندى نێودەوڵەتى بەغدا بۆ وزە کە ئەمڕۆ شەممە 6ى ئەیلوول دەستى پێکرد، بە رۆژنامەڤانانى گوت، "حکومەتى فیدراڵی و وەزارەتى نەوت هەموو ئاسانکارییەکیان کردووە و رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بە زووترین کات. کۆمپانیاکان داواکارى زۆریان هەیە و داواى پابەندى زیاتر دەکەن."
بەگوێرەى ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان بەغدا و هەولێر کە لە 17ى تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسندکرا، پێویستە رۆژانە هەرێمى کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات. ئەو هەنگاوە یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ