نرخی زیو ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد

06-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو 47 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 48.46 دۆلار. لە بازاڕەکانی جیهان ئێستا هەر کیلۆیەک زیو بە 1,557 دۆلارە.

ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لەدوای ئەیلوولی 2011ـەوە. ئەو کاتە ئۆنسەیەک زیو بە 49.51 دۆلار بوو. لە یەک مانگی رابردووشدا هەر ئۆنسەیەک زیو 8 دۆلار گرانبووە.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی داخرانی حکومەتی ئەمریکا و پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە وایکردووە خواست لەسەر سەرمایە سەلامەتەکان زیاد بکات.
 
سەرەڕای هەوڵەکان، یاسادانەرانی ئەمریکا جارێکی دیکە نەیانتوانی رێککەوتنێک بۆ دابینکردنی بودجە مسۆگەر بکەن، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی بەرنامە فیدراڵییە گرنگەکان و دواخستنی بڵاوکردنەوەی چەندین داتای سەرەکی، لەوانە ئاماری رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتی ئەمریکا کە بڕیار بوو هەینیی رابردوو بڵاوببێتەوە.
 
بازاڕەکان ئێستا پێشبینی دەکەن ئەم مانگە و مانگی 12ـی ئەم ساڵ، ئەمریکا رێژەی سوود 0.25٪ کەم بکاتەوە.
 
هەروەها وەبەرهێنەران چاوەڕوانی لێدوانەکانی ستیڤن میران، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی ناوەندی لە رۆژی چوارشەممە و جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی پێنجشەممە دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژەی زیاتر لەبارەی سیاسەتی نەختینەیی داهاتوو.
 
لە بواری پیشەسازیدا، زیادبوونی بەکارهێنانی پانێڵی وزەی خۆر هۆکارێک بووە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئەم کانزایە. دامەزراندنی سیستمی خۆر لە چین لە مانگی ئابدا لە زیادبوونە، چونکە کەمکردنەوەی نرخی پانێڵەکان لە چین، کۆمپانیاکانی هاندا لە مانگی حوزەیرانەوە دەست بە دانانی زیاتری سیستمەکە بکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، هەناردەی پانێڵەکانی وزەی خۆر لەو وڵاتەدا بەڕێژەی 40% بەرزبوونەتەوە. 
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو ئەوەیە مەترسی لەسەر کورتهێنانی زیاتری بەرهەمی زیو و پێشبینییەکی بەهێز بۆ خواست لەسەر کانزاکە هەیە، بەتایبەتیش بۆ بەکارهێنانە پیشەسازییەکانی. 
 
پەیمانگەی جیهانیی زیو پێشبینی دەکات بازاڕی زیو بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک کورتهێنانی هەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنانی زیو لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025 بگاتە 744 ملیۆن ئۆنسە، کە 100 ملیۆن ئۆنسە کەمترە لە خواست لەسەری. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.