رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى فیدراڵیى عێراق بۆ چارەسەرى کێشەى کارەبا پەنا بۆ وزەى ئەتۆمى و وێستگەى دوو جەمسەر دەبات کە بەگاز و گازوایل کار دەکات.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایى رووداوى راگەیاند: "بە گوێرەى پلانى حکومەت بۆ چارەسەرى کێشەى کارەبا، یەکێک لە هەنگاوەکان بۆ داهاتوو ئەوەیە چەند یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەگەڵ رووسیا واژۆ بکرێ بۆ سوودوەرگرتن لە وزەى ئەتۆمى سڤیل بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا."
عێراق لە وەرزی گەرمادا پێویستى بە نزیکەى 50 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى نزیکەى نیوەى ئەو بڕەیە.
ئەحمەد مووسا رایگەیاند، یەکێک لە پلانەکانى دیکە ئەوەیە پەنا بۆ وێستگەى دوو جەمسەر بەرن کە بە سووتەمەنى کاردەکات و تەکنەلۆژیاى نوێى تێدا بەکاردێ بۆ ئەوەى 11 هەزار مێگاوات کارەباى دیکە بەرهەم بهێنن.
وێستگەى دوو جەمسەرى وزە ئەو وێستگەیە کە دەکرێت بە گاز و گازوایل کاربکرێ بۆ ئەوەى ئەو کاتەى گاز کەم بوو، لەرێگەى گازوایلەوە کارەبا بەرهەم بهێنێت.
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، پلانەکە بۆ زیادکردنى کارەبا چەند هەنگاوێکى دیکە لەخۆدەگرێ، لەوانە سوودوەرگرتن لە پڕۆژەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لەرێگەى هێزى با، وزەى خۆر و ریسایکلینى خۆڵ و خاشاک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ