رووداو دیجیتاڵ
هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتى نانەوتى لەسەر نزیکەی 20 ملیار دینار بۆچوونیان جیاوازە، بۆ ئەوەى ئەو بڕە وەک داهاتى نانەوتى مانگى ئاب رادەست بکرێ و وەزارەتى دارایی فیدراڵ مووچەى ئەو مانگە بنێرێ.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایى رووداو لە سەرچاوەیەکى ئاگادارى هەرێمى کوردستانەوە دەستى کەوتوون، دواى ناردنى راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى ئاب بۆ بەغدا، بڕیارە هەردوولا لەبارەى بڕى داهاتى نانەوتى رادەستکراو گفتوگۆ بکەن.
لە راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەدا بڕى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى ئاب بە زیاتر لە 280 ملیار دینار هەژمارکراوە.
بە گوتەى سەرچاوەکەى رووداو، وەزارەتى دارایی فیدراڵ داواى رادەستکردنى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان دەکات بە شێوەیەکى کاتى تاوەکو راپۆرتى کۆتایی لیژنەى وەزاریی باڵاى عێراق لەسەر ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە کە لەبارەى بۆچوونى ئەنجوومەنى دەوڵەت لەسەر هەمان پرس بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ناردبووی.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە رووداوى گوت: "داواکردنى 120 ملیار دینار بۆ رادەستکردنى لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە بیانووگرتنە بۆ دواخستنى مووچە. ئەو وەزارەتە دەیەوێ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیار لە ناردنى پارەکە بدات."
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشنیازى کردووە کە بە شێوەیەکی کاتی لەنێوان 90 بۆ 100 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى رادەست بکات تاوەکو راپۆرتى کۆتایی لیژنە وەزارییەکە یەکلایی دەبێتەوە.
لە 23ی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا کە ئەو لیژنە وەزارییەى بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکى نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەى مووچە پێکهێندراوە، راپۆرتێک لەبارەى ئەو بۆچوونەى ئەنجوومەنى دەوڵەت ئامادە بکات کە رۆژێک بەرلەوە ئاراستەى کردبوون لەبارەى چۆنییەتى هەژمارکردنى بڕى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان بە گوێرەى یاسا.
کاروان یاروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە رووداوى راگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەى بەغدا و هەولێر لەبارەى داهاتى نانەوتى دەگەنە رێککەوتنى کۆتایی، وەزارەتى دارایی فیدراڵى داواى 120 ملیار دینارى ئەو داهاتە دەکات بۆ ئەوەى مووچە بنێرێ، بەوپێیەى، بە گوتەى ئەو، بۆچوونى ئەنجوومەنى دەوڵەت یەکلاییکەرەوە نەبووە لە دیاریکردنى بڕى داهاتى نانەوتیی رادەستکراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ