لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا پایسکلی گەورە لە بازاڕ نەما

07-05-2020
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ
A+ A-

رەوا عەبدوڵڵا

رووداو- هەولێر

بازرگانان و خاوەن پیشانگاكانی فرۆشتنی پایسکل دەڵێن، ڤایرۆسی كۆرۆنا تێڕوانینی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بۆ لێخوڕینی پایسکل گۆڕی. لە ماوەی 40 رۆژی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و دوای هەڵگرتنی قەدەخەکەش خواست لەسەر بەكارهێنانی پایسکل بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە جۆرێک بازاڕی هەندێک جۆری پاسكیل بە رێژەی 200% زیادبووە.

پایسکل، ئامرازێکی گواستنەوەیە و بە دۆستی ژینگە ناسراوە، بەهۆی سوودەكانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ و ئاسانی بەكارهێنان و هەرزانی لە نرخدا، لە بەشێك لە وڵاتان وەك یەكێک لە ئامرازە سەرەكییەکانی گواستنەوەی ناوخۆ بەكاردێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا نەبووەتە جێی بایەخی خەڵك.

هەژار و دەوڵەمەند پایسکلیان کڕی

محەممەد ئەحمەد حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بایك كە ساڵانە 200 هەزار پایسكل هاوردەی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، دەڵێت: "ڤایرۆسی كۆرۆنا تێڕوانی خەڵكی بۆ لێخوڕینی پایسکل گۆڕی. پێشتر خەڵكانێك پێیان شەرم بوو پاسكیل لێبخوڕن، بەڵام لە ماوەی چل رۆژی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا، خەڵكانێكی زۆر لە چینی دەوڵەمەند و هەژار پایسکلیان دەکڕی، بە جۆرێك فرۆشی هەندێ جۆری پایسکل بە رێژەی 200% زیادیكرد".

پێشتر لە هەرێمی كوردستان زۆرترین فرۆشی پایسکل، لە جۆری قەبارەی بچووك بە تایبەت منداڵان بوو، بەڵام  لە ماوەی رابردوودا زیاتر خواست لەسەر پایسکلی قەبارە 26 بە سەرەوە بوو كە بە پایسکلی گەوران ناسراوە.

محەممەد حاجی، دەڵێت: "لەكاتی ئاسایی پایسکلی قەبارە 12 تاوەكو 20 كە بە پایسکلی منداڵان ناسراوە، زۆرترین خواستی لەسەرە، بەڵام بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، زیاتر خواست لەسەر پایسکلی گەوران بوو، بە جۆرێك لە ماوەی چل رۆژی كەرەنتیندا ئێمە بە هەزاران پایسکلی قەبارە 26 بەسەرەوەمان فرۆشت و كۆگاكانمان چۆڵ بوون".

لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا دەوڵەمەند و هەژار کڕیاری پایسکل بوون. وێنە: بڵند تاهیر

نرخیان دوو قات بووە

ئەو پایسکلانەی كۆمپانیاكەی محەممەد هاوردەیان دەكات قەبارەیان لەنێوان 12 تاوەكو 28 دایە. نزیكەی 90%یان چینین، بە گوێرەی قەبارە و كواڵێتیشیان نرخیان لە 27 دۆلارە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە 500 دۆلار.

محەممەد حاجی، گوتی: "ئەو پایسکلە قەبارە گەورانەی لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا فرۆشتمان بەگوێرى كوالێتییان نرخیان لەنێوان 80 تاوەكو 220 دۆلار بوو، بە دوو بەرامبەر لە نرخی خۆیان لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرا. بۆ نموونە ئەو پایسکلانەی ئێمە بە کۆ بە 200 دۆلار دەمانفرۆشتن، لە بازار لای تاكفرۆشان بە ئۆنلاین بە 400 دۆلار دەفرۆشران".

بەهۆی کۆرۆناوە پایسکلەکان درەنگ دەگەن

ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری زۆری لەسەر دروستكردن و بازرگانیی پایسکل هەبووە، چونكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زۆربەی كارگەكانی چین وەستان و نەیانتوانی داواکاریی بازرگانانی ئەو بوارە دابین بکەن.

ئومێد حەكیم، بەڕێوەبەری كۆمپانیای شێخانی بۆ بازرگانی هاوردەكردنی پایسكل، لە شاری هەولێر كە ساڵانە 50 کۆنتینەر پایسکل لە چین هاوردە دەكات، دەڵێت: "كۆمپانیا بازرگانییەكانی كوردستان لە كۆتایی هەموو ساڵێك پایسكل بە كوالێتی خۆیان لە كارگەكانی چین دروست دەکەن، لە مانگی شوبات بارەكانیان دەگات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارگەكان نەیانتوانی ئەم ئامادەكارییە بكەن، ئێستا كارگەكان دەستیان بە كاركردووەتەوە ئێمە نزیكەی 5 کۆنتینەرمان كڕیوە ، بەڵام  تائێستا نەمانتوانیوە بیانهێنینەوە، چونكە پێشتر کۆنتینەرەکان بە 18 رۆژ دەگەیشتن، ئێستا 40 رۆژ دەخایەنێ".

بە گوتەی ئەو بازرگانە كارگەكانی چین پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لەسەرە، چونكە لە هەموو وڵاتان دوای پایسكلیان لێدەكرێت، پێشتر ئەگەر داوای دروستكردنی کۆنتینەرێک پایسكلت بكردبا كە 1200 پایسکلی بچووك دەكات، لە ماوەی 10 رۆژ ئامادە دەبوو، ئێستا بە 50  رۆژ ئامادە دەبێت.

ئومێد حەكیم دەڵێت: "ئەو بازرگانانەی بەر لە قەدەخەی هاتووچۆ بارەكانیان گەیشت یان لە كۆگاكان پایسكلی پێشتریان مابوو، قازانجێكی زۆرباشیان كرد، چونكە لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا بە پارەیەكی باش توانیان سەرجەم پایسكلە گەورەكان بفرۆشن، ئێستاش خواست لە سەری زۆرە، هەر چەند پایسكلی گەورەت هەبێت، نرخەكەی كەمێك گونجاو بێت دەفرۆشرێت".

ئەمساڵ وەرزی فرۆشتنی پایسکل پێشکەوت. وێنە: بڵند تاهیر

وەرزی فرۆشتنی پایسکل پێشكەوت

وەرزی فرۆشتنی پایسکل لە هەرێمی كوردستان ساڵانە لە دوای تەواوبوونی وەرزی خوێندن لە 15ی ئایار دەستپێدەكات و نزیكەی دوو مانگ و نیو دەخایەنێ، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا دەگاتە لوتكە.

ئومێد حەكیم، دەڵێت: "ئەمساڵ بەهۆی داخستنی قوتابخانەكان وەرزی فرۆشی پایسكلی بچووكیش پێشكەوتووە، لەو رۆژەی بازاڕ كراوەتەوە رۆژانە تەنیا تاكفرۆشەكانی بازاڕ زیاتر لە هەزار پایسكل دەفرۆشن،  فرۆشی جوملەش زۆرباشە لە ماوەی سێ رۆژدا 4 كۆنتێنەر پارچەکانی پایسکل و 2000 پایسکلی بچووكمان فرۆشتووە كە هی ساڵانی پێشتر بوون و لە كۆگاكانمان مابوون".

ئومێد حەكیم دەڵێت ئێستا رۆژانە چەندین خاوەن پیشانگا لە هەولێر و سلێمانی داوای پایسكلیان لێدەكەن، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی بارەكانیان ناتوانن داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن: "ئەگەر پایسكلمان هەبووایە لە هەر رۆژێك دەمانتوانی بەقەد مانگێكی پێشتر پایسکل بفرۆشرین، بۆیە دەتوانین بڵێین فرۆشی پایسكلی بچووكیش بە رێژەی 80% زیادبووە". ئومێد وا دەڵێت.

لە سلێمانی پایسکلی گەورە لە بازاڕ نەما

لە پارێزگای سلێمانیش فرۆشی پایسکل زیادیكردووە، بەو هۆیەشەوە نرخ زیادی كردووە.

سەروەت رەمەزان، خاوەنی پیشانگای ئارین بۆ فرۆشتنی پایسکل، ساڵانە بەپێی خواستی بازاڕ 15 تاوەكو 20 کۆنتینەر پایسکل لە چین هاوردە دەكات، دەڵێت: "لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا بەتایبەت ئەو كاتەی بازاڕەكان داخرابوون، خواست لەسەر پایسكلی گەورە بە رێژەیەكی بەرچاو زیادبوو، بەجۆرێك لە ماوەیەكی كەمدا پایسکلی گەورە لە بازاڕدا نەما نرخیش بەرزبووەوە، ئێستا چاوەڕێی هاتنی باری نوێین لە بەسرا".

سەبارەت بە نرخی پایسکل، ئەو بازرگانە گوتی: "نرخی جوملەی پایسکلی قەبارە 20 و 24 زۆر بەرزنەبووەتەوە، نزیكەی 5 بۆ 10 دۆلارێكی چووەتە سەر، بەڵام نرخی پایسکلی 26 بەسەرەوە بە جوملەش نزیكەی 20 تاوەكو 25 دۆلاری چووەتەسەر، بۆ نموونە ئەو پایسکلانەی پێشتر بە 85 دۆلار بوون، ئێستا نرخیان گەیشتووەتە 110 دۆلار، بەڵام بە تاك نرخیان زۆر بەرزبووەتەوە، پایسکل هەیە بە 180 هەزار دینارە، بە 280 هەزار دینار فرۆشراوە".

بەبڕوای ئەو بازرگانە، جگە لە خواست، زیادبوونی تێچووی گواستنەوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی پایسکلە لە کوردستان و دەڵێت: "بۆ نمونە پێشتر کۆنتینەرێک لە چینەوە بە 7 هەزار دۆلار دەگەیشتە دەستمان، لەكاتی قەدەخەی هاتووچۆدا بە 10 هەزار دۆلار دەگەیشتە دەستمان."

پایسکل بەگوێرەی جۆر و كوالێتیی ئەو ماددەیەی لێدروست دەكرێت نرخەكەی دەگۆڕێت، چەندە رێژەی ئەلەمنیۆم و كڕۆم لە پێكهاتەكەی زیاتر بێت، نرخەكەشی گرانتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە چەندە ئاسن و پلاستیك لە پێكهاتەكەیدا هەبێت نرخەكەشی هەرزانترە.

سەروەت رەمەزان، دەڵێت: "نرخی پایسكل بە گوێرەی قەبارە و كواڵێتییەكەی دەگۆڕێت، ئێمە پایسكلی قەبارە 26 بە سەرەوەمان بە 85 دۆلار تاوەكو 1100 دۆلار فرۆشتووە". 

عێراق ساڵانە بایی 24  ملیۆن دۆلار پایسکل هاوردە دەکات

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستووە، ساڵانە بایی زیاتر لە 24 ملیۆن دۆلار پایسکل هاوردەی عێراق دەكرێت، نزیكەی 55% تاوەكو 60%ی ئەم بازرگانییە لەلایەن  بازرگان و كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

داتاكان دەریدەخەن بەپێی خواستی بازاڕ، ساڵانە هەڵكشان و داكشان لە بازرگانیی  پایسكلدا هەیە،  بە جۆرێك لە ساڵی 2015 بازرگانان بایی 37 ملیۆن و 365 هەزار دۆلار پایسکلیان هاوردە كردووە، بەڵام  لە ساڵی 2016 بۆ 28 ملیۆن و 111 هەزار دۆلار، لە ساڵی 2017 بۆ 24 ملیۆن و 602 هەزار دۆلار و لە ساڵی 2018 بۆ نزیكەی 24 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

بازرگانانی عێراق و هەرێمی كوردستان پایسكل لە 15 وڵات هاوردە دەكەن، بەڵام نزیكەی 90%ی ئەو پایسكلانەی هاوردە دەكرێن بەرهەمی كارگەكانی چینن، بەشێكی راستەخۆ لە چین هاوردە دەكرێن و بەشێكی  لە ئیمارات دەكڕدرێن، تەنانەت بەشێك لەو پایسكلە دەستی دووانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن و كۆریای باشووریش هاوردە دەكرێن، لە بنەڕەتدا لە چین دروستكراون.

ئێستا لە بازاڕ زۆرترین خواست لەسەر پایسکلی قەبارە گەورەیە. وێنە: بڵند تاهیر

پایسکل لە کوردستانەوە هەناردەی حەلەب دەکرێت

محەممەد ئەحمەد حاجی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بایك، کە ساڵانە بایی زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلار پایسکل لە چین  هاوردە دەكات، دەڵێت: "لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر بازرگان  پایسكل هاوردە دەکەن، بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی  زۆر پایسكل هاوردە دەكەن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە بایی 10 تاوەكو 12 ملیۆن دۆلار پایسکلی كۆن و نوێ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

محەممەد ئەحمەد حاجی، نموونە بە فرۆشی كۆمپانیاكەی خۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئێمە ساڵانە 100 تاوەكو 120 کۆنتینەر پایسکل کە بایی نزیكەی 4 ملیۆن دۆلارە لە چین هاوردە دەكەین، نزیكەی 35%ی لەشارەكانی عێراق و 25% لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا  بە تایبەت لە شارەكانی منبج و حەلەب دەفرۆشین، نزیكەی 40%ی لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە