ئۆنسەیەک زیو گەیشتە نزیکەی 80 دۆلار؛ ئەم ساڵ 174٪ بەرزبووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهان، نرخی زیو 7.19 دۆلار، یاخود 10٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 79.16 دۆلار.
 
نرخی هەر کیلۆیەک زیویش گەیشتە 2,544 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە مێژووی مامەڵەکاندا تۆمارکرابێت.
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی یەک ئۆنسەی زیو17٪ یاخود 12 دۆلار گرانبووە. کۆی رێژەی بەرزبوونەوەشی لە ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا گەیشتە نزیکەی 175٪.
 
بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا و کەمیی خستنەڕوو، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
 
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلا، ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و وایکردووە وەک "پەناگەیەکی ئارام" روو لە کڕینی زیو بکەن.
 
هاوکات پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە، ئەمەش بە قازانجی زیو دەشکێتەوە و خواست لەسەری زیادبووە.
 
جگە لەوەش، زیادبوونی خواست لەسەر دروستکردنی پانێڵی وزەی خۆر و کەرتی تەکنەلۆژیا، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خستنەڕووی زیو، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی جیهان کورتهێنان لەم کانزایە بەردەوامە.
 
لە کاتێکدا بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەردەوامن لە کڕین و کۆکردنەوەی زیو، سندووقەکانی وەبەرهێنان و بازرگانانیش کێبڕکێی بەدەستهێنانی بڕە سنووردارەکەی بازاڕ دەکەن، ئەوەش وایکردووە نرخەکەی لە ئاستێکی پێوانەییدا بمێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە