زێڕ بەرزترین ئاستی مێژووی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی گەیشتە نزیکەی 4550 دۆلار

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 53 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4532 دۆلار. پێش داخرانی بازاڕ، ئاستی 4547 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
لە مامەڵەکانی داهاتووشدا، ئۆنسەیەک زێڕ 49 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4552 دۆلار.
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 195 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دوایین نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 763 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 890 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 933 هەزار دینارە.
 
ئەمە نرخی بەیانیی پێنجشەممەیە کە سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە؛ ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4478 دۆلار بووە. بەم پێیە بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ لەکاتی کرانەوەی بازاڕ، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە 900 هەزار دینار، یان لانیکەم زیاتر لە نرخەکانی پێنجشەممە.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی زێڕ، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە نایجیریا. 
 
ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ تووندکردنی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ترسی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە و نائارامی لای بازرگانان دروستکردووە.
 
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەستە بە لاوازبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە. 
 
بازاڕەکان پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی 2026ـدا دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی نیشانەکانی دابەزینی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری دەرکەوتوون.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 72٪ بەرزبووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە