نرخی نەوتی برێنت بە 102 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیکەی 1 دۆلار بەرزبووەوە و وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 78 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 102 دۆلار و 5 سەنت مامەلەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 76 سەنت بەرزبووەوە و بە 95 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس، رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 7٪ دابەزینیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی تاهەتایی بۆ کۆتاییێهاتنی شەڕ لە ئارادایە.
 
هیرۆوکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە پێشبینی دەکرێت دانوستاندنەکانی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، پێدەچێت تاوەکو هەفتەی داهاتووش بەردەوام بێن، بەڵام لەوە بەدواوە هیچ شتێک روون نییە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، تاکە سیناریۆ کە ئەگەری زۆرە رووبدات، ئەوەیە نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا دەمێننەوە.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای نێوخۆیی ئەو وڵاتەی گوتووە، ئێران سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانی ئەمریکایە.
 
دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاندووە کە پێیوایە ئێران خوازیاری رێککەوتنە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە