رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر لە بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، رێکارەکانیان و پڕۆسەی وردبینیی نێودەوڵەتی، بوونەتە هۆی رێکخستنەوەی حەواڵە دەرەکییەکان و مسۆگەرکردنی هاتنی دراوی بیانی (دۆلار). ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و دارایی بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر .
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، حوسێن عەلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر لە بانکی ناوەندیی عێراق سەبارەت بەوەی عێراق تاکو چەند توانیویەتی تێبینییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات بۆ گەرەنتیی بەردەوامیی ناردنی دۆلار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵانی رابردوودا سیستمی بانکیی عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە پابەندبوونی تەکنیکی و کردەیی بەخۆوە بینیوە. ئەمەش لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا رەنگی داوەتەوە کە ئاماژە بە باشتربوونی پلەبەندیی عێراق دەکەن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند بەرپرسێکی عێراقییەوە وەریگرتوون، ئەمریکا بەڵێنی ئاساییکردنەوەی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق داوە، بەڵام تاوەکو لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ بڕە دۆلارێک نەهاتووەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی.
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی ئاماژە بەوە دەکات کە "هاوئاهەنگیی تەواو"ـیان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەیە بۆ گرتنەبەری "رێکاری یاسایی تووند" بەرامبەر سەرپێچیکاران؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی وردبینیی نێودەوڵەتی "بووەتە هۆی رێکخستنەوەی حەواڵە دەرەکییەکان و سەقامگیریی و مسۆگەرکردنی هاتنی دراوی بیانی لە کەناڵە فەرمییەکانەوە."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە باس لەوە دەکات کە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بانکی ناوەندی، "بازرگانیی وەهمی و بازاڕی رەش" بووە؛ گوتیشی، "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی حەواڵەکان وەرچەرخانێکی گەورەی دروست کردووە. ئێستا کەناڵە فەرمییەکان رێڕەوی سەرەکین بۆ حەواڵەکردن، ئەمەش وای کردووە تیمی ئێمە بتوانێت زۆر بە ئاسانی شوێنپێی ئەو جووڵە داراییانە هەڵبگرێ کە لەگەڵ جۆری بازرگانییەکە ناگونجێن، بەتایبەت ئەوانەی فاکتەری وەهمی بەکاردەهێنن."
ئەو بەرپرسە ئاماژە بە هاوئاهەنگییەکی نوێ دەکات لەگەڵ دەستەی گومرگ لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا و گوتی، "ئەو سیستمە داتابەیسێکی ورد بۆ هەناردە و هاوردە دابین دەکات و رێگری لە یاریکردن بە نرخ و بڕی کاڵاکان دەکات."
سەبارەت بە بازاڕی رەشیش، حوسێن عەلی دەڵێ، "کارمان کردووە بۆ بەهێزکردنی متمانە بە کەناڵە فەرمییەکان بۆ ئەوەی بازاڕی ئازاد وەک دەرچەیەک بۆ کاری نایاسایی نەمێنێتەوە."
لەبارەی رێگریکردن لە دابینکردنی توانای دارایی بۆ تیرۆر، حوسێن عەلی رایگەیاند، ئەوان "تەکنەلۆژیای سەردەمیانەی وەک ژیریی دەستکرد و سیستمی شیکردنەوەی داتای پێشکەوتوو" بەکاردەهێنن.
دەشڵێت، "ئێمە چاودێریی وردی داراییە گریمانەییەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەین لەڕێگەی تەکنەلۆژیای بلۆکچەین (Blockchain)ـەوە. ئامێرە نوێیەکانی شیکردنەوە وایان کردووە زۆر زووتر و وردتر شێوازە نائاساییەکانی گواستنەوەی پارە بدۆزینەوە."
بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی باسی لەوەش کرد کە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و دارایی، "بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر کە هەوڵ دەدەن کەلێنە تەکنیکییەکان بقۆزنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ