ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ شتێکمان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە

07-06-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هیچ شتێک لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نەگەیشتووەتە لیژنەیەکەیان.
 
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی سێشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆنەبووەوە. هێشتا دیار نییە رۆژی چوارشەممەش لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە یان نا." 
 
سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "تا ئێستا بە فەرمی هیچ شتێک نەگەیشتووەتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان." 
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 6-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ھەر خاڵێك لە بودجەدا دژایەتیکردنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستانی تێدابێت یان دژی مافی ھەرێمی کوردستان بێت، دەنگی پێ نادەین و رازی نابین؛ ھەر ئەمەش وای کردووە پەسندکردنی بودجە تائێستا دوا بکەوێت." 
 
25ى ئایارى 2023 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، گۆڕانکارى لە مادەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک کە پابەندبوونى زیاتر لەسەر هەرێمى کوردستان دانراون لەبارەى رادەستکردنى نەوت و چۆنییەتى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران.
 
خەلیل دۆسکی گوتیشی، "ئاشکرایە هەندێک خاڵ زیاد کراون لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نەبوون؛ داوامان کرد بگۆڕدرێن و چارەسەر کران."
 
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023، پەرلەمانى عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى 8ى حوزەیرانى بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.
 
بەگوێرەى خشتەکە، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى کاژێر یەکى دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە