رووداو دیجیتاڵ
دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک؛ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئاسانترین رێگە بۆئەوەی پارەیەکی باشیان بۆ بگەڕێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەیە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیلۆن مەسک هەیەتی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسکی سەرمایەدار و راوێژکاری پێشووی قووڵتر کردەوە و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مەسک دەکات.
ترەمپ رۆژی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ ترووس لەبارەی ئەو پێشنیازەوە نووسی، "ئاسانترین رێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییە داراییەکان و گرێبەستەکانی حکومەتە لەگەڵ ئیلۆن."
ترەمپ دەڵێت، "زۆر سەرم سوڕماوە کە بایدن چۆن بیری لەو کارە نەدەکردەوە!"
هەڕەشەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە مەسک، سەرۆکی ئەمریکای بە "سپڵە" ناوبرد و رایگەیاند، بێ ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەدەبردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو سەرمایەدارە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بەخشییە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ.
هەروەها شەوی هەینی ترەمپ جارێکی دیکە بە نەرێنی قسەی لەبارەی مەسک کرد و گوتی، "عەقڵی لەدەستداوە."
مەسکیش بێ بەڵگە ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ئابڕووچوونی سێکسی لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر سەرمایەدار ئەمریکی جێفری ئێپستین تێوەگلاوە کە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ بوو.
مەسک بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتیش بوو کە ئامانج لەو فەرمانگەیە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بوو لەگەڵ بچووککردنەوەی قەبارەی دامودەگاکانی حکومەت.
سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و مەسک بۆ هەفتەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی پرۆژە یاسایی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکای ناردە کۆنگرێس و ئیلۆن مەسک دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆژە یاسایی دەربڕی و بە "کارەسات" ناوی برد.
گرێبەستەکانی حکومەتی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی مەسک بە بەهای 48 ملیار دۆلارە، ئەوە جگە لە 38 ملیاری دیکە وەک هاوکاری بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی مەسک دابینکراوە و بەشێکی زۆری ئەو هاوکارییانەش لە پێنج ساڵی رابردوودا تەرخان دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ