سوودانی: ئەم ساڵ هاوردەکردنی بەنزین کۆتایی دێت

07-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ هاوردەکردنی بەنزین رادەگرێت و عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان نەماوە.
 
دووشەممە 7ی تەممووزی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کردنەوەی پڕۆژەیەکی پاڵاوتنی نەوتی لە پارێزگای دیوانییە راگەیاند.
 
سوودانی گوتی، "دەتوانین بڵێین دوای خستنەگەڕی پاڵاوگەی بێجی و پاڵاوگەکانی دیکە، لە وڵاتێکی هاوردەکاری بەرهەمە نەوتییەکانەوە بووینەتە دابینکاری پێداویستیی ناوخۆیی لەو بەرهەمانە، جگە لە بڕێکی کەم بەنزین نەبێت کە هاوردە دەکرێت، ئەم ساڵ کۆتایی بەو هاوردەکردنەش دەهێنین."
 
ئەو پڕۆژەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردیەوە، بۆ پەرەپێدانی پاڵاوگەی پارێزگای دیوانییە بوو، تاوەکو بەرهەمی رۆژانەی بۆ 90 هەزار بەرمیل زیاد بکرێت و بودجەى پڕۆژەکە 800 ملیۆن دۆلارە.
 
سوودانی گوتیشی، "هیوادارین دوای تەواوبوونی پڕۆژەى پاڵاوگەکانى مەیسان، نەجەف و دیوانییە، هەنگاو بەرەو هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بنێین."
 
لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ، هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق زیاتر لە 2.7 ملیۆن تۆن بووە، هەناردەی نەفتا 58% زیادی کردووە؛ لە کاتێکدا هاوردەی بەرهەمی نەوت، نیو ملیۆن تۆن بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە