رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی بازاڕی زێڕ بەهۆی نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر وڵاتان، بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، پێناسی گومرکی بەڕێژەی 25٪ـی زیاتر، بەسەر هیندستان دا سەپاند و ئەوەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان بەرزکردووەتەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 3380 دۆلار.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "ترەمپ دووبارە هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرکی زیاتری کردووە، ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "نرخی زێڕ بەرەو بەربەستی سایکۆلۆجیی 3400 دۆلار دەڕوات و ئەوەی نەیهێشتووە بگاتە ئەو ئاستە، چەند رێککەوتنێکی بازرگانیی ئەمریکایە لەگەڵ وڵاتان."
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکای لەسەر هیندستان 25٪ـی دیکە بەرزکردەوە، بەهۆی بەردەوامیی کڕینی نەوتی رووسیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
پێناسی گومرکی نوێی سەر هیندستان بەپێی بڕیارەکەی ترەمپ، لە کۆتایی ئەم مانگەدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش پێناسی گومرکیی سەر هەندێ لەبەرهەمی هاوردەکراوی هیندستان تاوەکو 50٪ بەرزدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بۆ کەمترین ئاستی یەک هەفتەی رابردووی خۆی، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ