رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم رایگەیاند، بڕی گازی هاوەڵی بەرهەمهێندراو لە عێراق 1000 بۆ 1200 ملیۆن پێ سێجایە، کە شەش یەکی ئەو گازەیە هەیەتى. دەشڵێت، هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی وزە.
عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم رایگەیاند، "یەدەگی نەوت و گاز لە عێراق لەنێو زۆرترین یەدەگەکانى جیهانە، هەندێک لە لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان ئاماژە بەوە دەکەن عێراق زۆرترین یەدەگی نەوتی لە جیهاندا هەیە، بەڵام یەدەگی مسۆگەر کەمترە لەو بڕە."
ئەو گوتانەی عەبدوڵڵا قازی لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە پانێڵێکی یەکەم رۆژی دیداری مێری، کە سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 لە هەولێر دەستیپێکرد.
عەبدوڵڵا قازی ئاماژەى بەوە دا، سێ ئاڵنگاری هەن رووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە لە عێراق، یەکەم ژینگەی وەبەرهێنانە لە رێگەی یاساوە، کە "پێویستە بەربەست بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان دروست نەبێت". دووەم، هاوبەشییە لەنێوان دەوڵەت و وەبەرهێنەر و سەرجەم گرێبەستەکان، بەتایبەت بۆ دەرهێنانی نەوت کە هەندێکجار دڵەڕاوکێ لەنێوانیان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لە ئاڵنگارییەکان و هیوادارین ئەو پرسە بە تەواوی چارەسەر بکرێت."
عەبدوڵڵا قازی رایگەیاند، پەرەپێدانی کێڵگەی گاز دوو بۆ سێ ئەوەندە کاتی زیاتری دەوێت بەراورد بە کێڵگەی نەوت، هەروەها لەڕووی تێچووەوە لەنێوان دوو بۆ چوار ئەوەندە زیاتری دەوێت، "بۆ نموونە ئەگەر کێڵگەیەکى نەوت پێویستی بە دوو ساڵ و 100 ملیۆن دۆلار تێچووى هەبێت، کێڵگەی گاز نزیکەی 4 بۆ 6 ساڵی پێویستە و تێچووەکەشی 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلار دەبێت."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم، کە کۆمپانیاکەی لە کێڵگەی کۆرمۆری هەرێمی کوردستان لە کەرتی گازدا کار دەکات، ئەوەیشی خستەڕوو، "زیاتر لە 30 کۆمپانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، کە لە کەرتی پەرەپێدانی نەوت کار دەکەن، بەڵام لە کەرتی گازدا تەنیا یەک کۆمپانیا هەیە."
بۆ پڕکردنەوەی خەرجیی بودجە، دەبێت عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت و ئەو بڕە لە یاسای بودجە جێگیر کراوە.
عەبدوڵڵا قازی دەڵێت، ئێستا عێراق رۆژانە 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و دەتوانێت تاوەکو 6 ملیۆن بەرمیل بەرهەم بهێنێت، بەڵام بڕی بەرهەمهێنانی گازی سەربەخۆ 600 ملیۆن پێ سێجا و بڕی گازی هاوەڵی بەرهەمهێندراو 1000 بۆ 1200 ملیۆن پێ سێجایە، کە پێیوایە ئەو بڕە کەمە بەراورد بە توانای عێراق، کە دەتوانێت بگاتە 6500 بۆ 8000 ملیۆن پێ سێجا؛ بەڵام بە گوتەی ئەو، ئێستا عێراق شەش یەکی ئەو گازە هاوەڵە بەرهەم دەهێنێت.
گازی هاوەڵ ئەو گازەیە کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکان دێتە دەرەوە و دەسووتێندرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم گوتیشی، "یەدەگی گازی عێراق نزیکەی 300 تریلیۆن پێ سێجایە، بەڵام ئەوەی جێگیرکراوە نزیکەی 150 تریلیۆن پێ سێجایە کە شیاوە بۆ دەرهێنان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ