رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی ئاگادار کردووەتەوە کە بۆ ساڵی 2026 پشت بە بەهای 1300 دینار دەبەستن بەرامبەر بە دۆلار، بەگوتەی راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە پەنا بۆ خۆگونجاندنی نەختینەیی نەبرێت.
ئەو نووسراوەی بانکی ناوەندیی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، دوای ئەوەی ئەو وەزارەتە لەبارەی ئەگەری گۆڕینی بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە دۆلار پرسیاری لێ کردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە بەهای فەرمی کە بۆ ساڵی 2026 پشتی پێ دەبەستن 1300 دینارە بەرامبەر بە دۆلارێک، بەوپێیەی پەیوەندیی بە کارکردنی بانکی ناوەندییەوە هەیە.
ئەو روونکردنەوەیە لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆى دەستکاریکردنی بەهای دراو بوو بەرامبەر بە دۆلار کە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق دا جێگیرکرابوو.
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەنگاوە لە رێگەی نووسراوەکەی بانکی ناوەندی بۆ هەماهەنگیکردنە لەنێوان هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختینەیی و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سیاسەتی دارایی بەرە و ئاراستەی خۆگونجاندن دەڕوات بۆ زیادکردنی داهات، لەبری ئەوەی پەنا بۆ رێگە ئاسانەکە ببرێت کە بە خۆگونجاندنی نەختینەیی ناسراوە و بریتییە لە بەکارهێنانی بەهای دینار بۆ پڕکردنەوەی ناراستەوخۆ، لەبری ئەوەی سیاسەتی دارایی گشتی ئامانجەکانی بهێنێتەدی لە زیادکردنی داهات و رێکخستنی خەرجییەکانی.
لە ساڵی 2023ـەوە بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فەرمیی دیناری بەرامبەر بە دۆلار کرد بە 1300 دینار، کە دواتر لە رێگەی بانکەکانەوە بە 1320 دینار دەدرێتە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە.
موزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو نووسراوە نیشانەی ئەوەیە کە سەقامگیریی ئابووری و کەمکردنەوەی پێشبینییەکان بۆ هەڵاوسان کاری لەپێشینەیە و سەربەخۆیی نەختینەیی کارایە.
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەراورد بە کۆتایی 2025 دابەزیوە و پێنجشەممە 146 هەزار دینار بووە، رێکاری نوێی گومرگی پێشوەختە و کەمیی داهاتی نەوت هۆکاری ئەو گۆڕانکارییانەن لە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ