نرخی نەوت بۆ 110 دۆلار بەرزبووەوە

09-03-2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی خاو بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و جەنگی ئێرانەوە، بۆ نزیکەی 110 دۆلار بەرزبووەوە.
 
رۆژی دووشەممە، نرخی نەوتی خاو بۆ نزیکەی 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم کردەوە، چونکە گەرووی ستراتیژیی هورمز بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
نەوتی تێکساسی مامناوەند (WTI) بە رێژەی 19.37٪ واتە 17 دۆلار و 31 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 108 دۆلار و 77 سەنت. 
 
نەوتی خاوی برێنتیش، کە پێوەرێکی نێودەوڵەتییە، بە رێژەی 17.08٪ واتە 16 دۆلار و یەک سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 109 دۆلار و 31 سەنت.
 
لە هەفتەی رابردووەوە نرخی نەوت 35٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بە گەورەترین بەرزبوونەوەیە لە 43 ساڵی رابردوودا دادەنرێت. 
 
دوایین جار نرخی نەوت لە 100 دۆلاری تێپەڕاند، دوای هێرشی رووسیا بوو بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022.
 
کوێت، پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو رێکخراوی ئۆپیک، رۆژی شەممە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی "هەڕەشەکانی ئێران دژی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزەوە". 
 
عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکە، بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە. سێ بەرپرسی کەرتی نەوت رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، بەرهەمهێنانی سێ کێڵگە سەرەکییەکەی باشوور 70٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیل رۆژانە. ئەو کێڵگانە پێش جەنگی ئێران رۆژانە چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا.
 
هەروەها ئیمارات کە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە، رۆژی شەممە رایگەیاند، "لە کێڵگە دەریاییەکاندا بە وریاییەوە نەوت بەرهەم دەهێنێت بۆ چارەسەرکردنی پێویستییەکانی کۆگە کردن". 
 
وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکەنەوە، چونکە شوێنی کۆگەکردنیان نەماوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێک لە کێڵگەیەکی نەوتی عێراق خەریکی کارکردنە

کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: لە ئەمڕۆوە هەناردەکردنی نەوت رۆژانە دەگاتە 250 هەزار بەرمیل

دوای هەفتەیەک لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بڕی هەناردەکردن لە 170 هەزار بەرمیلەوە گەیشتووەتە 200 هەزار بەرمیل. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، لە ئەمڕۆوە هەناردەکردن دەگاتە 250 هەزار بەرمیل