رووداو دیجیتاڵ
وادەى نوێکردنەوەى زانیاریی کۆمپانیاکانى نێو سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ دوو مانگ درێژ دەکرێتەوە، ئەگەر کۆمپانیاکان ئەو هەنگاوە نەنێن ئیدی کاریان رادەگیرێت. بە گوتەى بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکان، ئەو کۆمپانیایانەی ئەو هەنگاوە نانێن، ناتوانن بە نرخی فەرمیی دۆلار کاڵا هاوردە بکەن.
بەگوێرەی نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، کە دەست رووداو کەوتووە، 1ی ئەیلوول دوا وادە بوو بۆئەوەی کۆمپانیاکان زانیارییەکانیان لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا نوێ بکەنەوە، ئەگەرنا لە کارکردن رادەگیرێن.
دووشەممە 8ى ئەیلوولى 2025 سامى جەلال، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەى وادەکە بۆ 1ى تشرینی دووەمى ئەم ساڵ دوابخرێت.
ئامانج لەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، وردبینیکردنە لە ناسنامەی باج و هاوردەکردنى کۆمپانیاکان، بۆئەوەی کۆمپانیاکان ناچار بکرێن ئەو باجانەی لەسەریانە پاکتاوی بکەن.
دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025 حامید هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی لە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراون، ئەگەر زانیارییەکانیان نوێ نەکەنەوە، ئیدی ناتوانن راستەوخۆ بە نرخی فەرمی کاڵا هاوردە بکەن، دەبێت ئەو کارە لە رێگەی کۆمپانیای دیکەوە بکەن، کە تێچووی لەسەریان زیاتر دەبێت.
حامید هەرکی گوتی، "ئەو هەنگاوە کێشە بۆ هاوردەی کۆمپانیاکان لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دروست دەکات، چونکە سیستمی ئەسیکۆدا بۆ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت."
رێکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق لەدوای فەرمانەکانی محەممەد شیاع سوودانییە، بۆئەوەی داهاتی نانەوتی لە عێراق زیاد بکرێت.
2ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ لایەن پەیوەندارەکانی بەغدا راگەیاند لەبارەی بەکارهێنانی ژمارەی بازرگانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە سیستمى ئەسیکۆدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ