چیرۆکی چاپکردنی یەکەم دیناری عێراقی بە واژۆی کوردێک

09-02-2023
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم دراوی دیناری عێراقی کە لە ساڵی 1932 چاپکرا دوو واژۆی لەسەر بوو، یەکێکیان واژۆی کەسایەتییەکی کورد بوو و بەهای ئەو دینارە لەو کاتەدا نزیکەی پێنج دۆلار بوو.
 
لە ساڵی 1920 کاتێک دەوڵەتی عێراق دامەزرا و لەژێر هەژموونی بەریتانیا هاتە دەرەوە، دراوی بەکارهێندراو لە عێراق روپیەی هیندستانی بوو کە لە ساڵی 1914 دەرچووبوو و وێنەی شا جۆرجی پێنجەمی بەریتانیای لەسەربوو. ئەو دراوە بە کاخەز و کانزا بوو و بە روپیە و عانە ناسراو بوو. پێش ئەوەش بۆ ماوەی چوار سەدە لە 1534 بۆ 1920 عێراق دراوی عوسمانی بەکاردەهێنا.
 
لە ساڵی 1931 بۆردێک لە عێراق بە ناوی بۆردی دراو دروستکرا کە ئەرکی دەرکردنی دراوێکی تایبەت بە وڵاتەکە بوو. هەر ئەو ساڵە یاسای ژمارە 44ی 1931 دەرچوو بۆ دراوی عێراقی و تێیدا هاتبوو کە دراوی عێراق دینار دەبێت. ئەو کاتە لە یاساکە بەهای یەک دیناری عێراقی بەرامبەر یەک پاوەندی بەریتانیا داندرابوو، بەرامبەر بە دۆلاریش بەهاکەی دەیکردە 4.8 دۆلار. هەر دینارێکیش بۆ هەزار فلس دابەشکرا.
 
رۆژی 16ـی ئاداری 1932 یەکەم دیناری عێراقی دەرچوو کە وێنەیەکی شا فەیسەڵی یەکەمی لەسەر بوو و لەلایەن کۆمپانیای برادبوری ویڵکینسن لە بەریتانیا چاپکرا. دراوی عێراقی بەم جۆرانە دەرچوو: چارەکە دینار، نیو دینار، یەک دینار، پێنج دینار، 10 دینار و 100 دینار. هەروەها دراوی کانزایی لە جۆری یەک فلس، دوو فلس، چوار فلس، 10 فلس، 20 فلس، 50 فلس و 100 فلس بوو.
 
یەکەم دیناری عێراق کە دەرچوو دوو واژۆی بەسەرەوە بوو کە بریتیبوون لە واژۆی سەرۆکی بۆردی دراوی عێراقی و جێگرەکەی.
 
سەرۆکی بۆردی دراو کەسێکی بەریتانی بوو بە ناوی هیڵتن یۆنگ، کە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە ئەرکی سەقامگیرکردنی دۆخی دارایی عێراقی پێ سپێردرابوو، هەر ئەویش پێشنیازی دەرکردنی دراوی دیناری بۆ عێراق و دروستکردنی بۆردی دراوی کرد.
 
جێگری هیڵتن یۆنگ لە بۆردی دراو کەسایەتی کورد جەعفەر پاشا عەسکەری بوو. یەکەم دراوی دیناری عێراقیش واژۆی جەعفەر عەسکەری لەسەر بوو.
 
جەعفەر عەسکەری کێ بوو؟
 
جەعفەر پاشا عەسکەری، خەڵگی گوندی عەسکەری پارێزگای کەرکووک بوو و لە ساڵی 1885 لەدایکببوو. ئەو لە سوپای عوسمانیدا ئەفسەر ببوو و دوای دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لە 1920 و دەستنیشانکردنی فەیسەڵی یەکەم وەکو شا، ئەرکی دروستکردن و دامەزراندنی سوپای عێراق بە جەعفەر عەسکەری سپێردرا.
 
جەعفەر عەسکەری سوپای عێراقی بۆ دەوڵەتە نوێیەکە دامەزراند و یەکەم وەزیری بەرگریی عێراقیش بوو.

 

 
ئەو هەروەها بۆ دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لە 1923 و 1926 لەو کاتەی عێراق شانشین بوو، پێنج خولیش وەزیری بەرگریی عێراق بوو؛ دوو جاریش وەزیری راسپێردراوی عێراق بوو لە لەندەن، هەروەها ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیشی پێ راسپێردراوە.
 
لە ساڵی 1936 بەکر سدقی کە فەرماندەی فیرقەی دووەمی سوپای عێراق بوو، کودەتای بەسەر حکومەتی عێراقدا کرد کە ئەو کات یاسین هاشمی سەرۆکوەزیران بوو و جەعفەر عەسکەری وەزیری بەرگری بوو. لەو کودەتایەدا جەعفەر عەسکەری لەلایەن سوپای عێراقەوە کوژرا، ئەو سوپایەی کە خۆی دروستیکردبوو.
 
لە راپۆرتێکی نهێنیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کە لە ساڵی 1935 بۆ لەندەن نێردراوە و ئێستا لە خانەی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا پارێزراوە، لەبارەی جەعفەر عەسکەرییەوە هاتووە: "بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی، کوردی، ئەرمەنی، فارسی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی قسە دەکات. پیاوێکی چوارشانەیە و لە مامەڵەدا میزاجییە. کەسێکی دەستپاک و نیەتپاکە. توانای فێڵکردنی نییە و بە ئاسانی هەڵدەخەڵەتێندرێت. قسەکەرێکی باشە و لە تاکتیکدا بەتوانایە، بەڵام ستراتیژی نییە. لە شەڕیشدا ئازایە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە