رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لەدوای کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 68 دۆلار دابەزی و بە 5090 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زێڕ ئاستی 5036 دۆلاریشت تۆمارکردبوو.
لە گرێبەستەکانی ئایندەشدا ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 5096 دۆلار دابەزی.
سەرەڕای دابەزینەکەی، بەڵام نرخی زێڕ لە سەروو 5,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مایەوە، چونکە بەشێک لە وەبەرهێنەران هێشتا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان دەیبینن.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، نرخی دۆلار و نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. ئەمەش ترسی زیادبوونی هەڵاوسانی دروستکردووە.
زیادبوونی هەڵاوسان هانی بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات رێژەی سوود بەرزبکەنەوە، یاخود لە ئاستەکانی ئێستادا بیهێڵنەوە و کەمی نەکەنەوە.
نرخی زێڕ هەفتەی رابردووش زیاتر لە 100 دۆلار دابەزیبوو.
هەرچەندە زیادبوونی بێکاری و کەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی کاری لە کەرتی تایبەتی ئەمریکا لە مانگی رابردوودا هیوای کەمکردنەوەی رێژەی سوودی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە، بەڵام زیادبوونی گرژییەکان و هێرشەکان بۆ سەر ئێران، باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ