ئاگر لە ناوچەکە و نەوتی 120 دۆلاری لە جیهان دا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
دێسکی ئابووریی رووداو

ئێران دەچێتە دووەم هەفتەی جەنگەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە و دەڵێن ئامادەنین بێ مەرج خۆیان رادەست بکەن. ئابووریی ئێران لە داڕماندایە، گوشاری گرانبوونی سووتەمەنی و وزە لە ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە لەسەر ترەمپ زیاتر کراوە. بۆ جیهان، باجی ئەم جەنگە کارەساتبارە و کاژێر لە دوای کاژێر باجەکش لە زیادبووندایە.
 
10 رۆژ دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە 28ـی مانگی رابردوو لە دژی ئێران دەستپێکرد، هێشتا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە جەنگ و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ ئێمە داوای ئاگربەست ناکەین و، پیت بیریان هیگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەگەر ئێران خۆی رادەست نەکات جەنگ بەردەوام دەبێت. سوپای پاسداران هێشتا توانای هاوێشتنی مووشەک و درۆنی هەیە. رێبەری نوێ دەستبەکار بووە و خەڵکی ئێرانیش لەنێوان بۆردوومان و داڕمانی ئابووری دا سەرگەردانن. 
 
کاردانەوەی خێرای بازاڕەکان 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، نرخی نەوتی برێنت بۆ 119.36 دۆلار بەرزبووەوە،  بەرزترین ئاستی لەدوای مانگی شەشی ساڵی 2022ـەوە. شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان زیاتر لە هەر بەیاننامەیەکی سەربازی دەتوانێت کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە روونبکاتەوە. تەنگەی هورمز کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕی، ئێستا بەکردەیی داخراوە. کۆمپانیای راوێژکاری (راپیدان ئێنێرجی) دەڵێت ئەمە تووندترین پچرانە لە گواستنەوەی دەریایی نەوتی خاو لە دوای قەیرانی سوێس کە لە ساڵانی 1956-1957 روویدا. 
 
بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان و بەهای پشکی کۆمپانیاکان لە تۆکیۆوە تاوەکو لەندەن، بەرەو دابەزینی بێوێنە ئاراستەیان گۆڕیوە. وەزیرانی دارایی کۆمەڵەی حەوت G7 داوای کۆبوونەوەی بەپەلەیان کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی وزە بدۆزنەوە. پرسیاری سەرەکی شارەزایانی سیاسی و ئابووری چیدیکە ئەوە نییە کە ئایا دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەمێنێتەوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە تاوەکو کەی دەمێنێتەوە و مانەوەی چ باجێکی هەیە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان؟
 
دانوستاندن یان بەردەوامبوون 
 
چاوەڕوان دەکرا، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشەکاندا، هاوکێشەکە بگۆڕێت. هیوای ئەمریکا ئەوەبوو کە لەنێوبردنی لوتکەی دەسەڵات،  رژێمی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام ئەنجوومەنی شارەزایان، بە خێرایی جووڵایەوەو بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، رێبەرێکی نوێی دەستنیشانکرد. موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، کوڕی عەلی خامنەیی. 
 
شارەزایانی سەر بە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن پێێانوایە دەستبەکاربوونی موجتەبا ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەکە زیاتر دەکات، چونکە هیچ بژاردەیەکی بۆ دانوستاندن و کشانەوە نەهێشتووەتەوە. جان کاساپئۆغڵو، لێکۆڵەری پەیمانگەی هەدسن دەڵێت " سوپای پاسداران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بڕیاردانی سەربەخۆ". ئەو شارەزایە دەڵێت " لە سایەی موجتەبا خامنەییدا، پەیوەندییە نافەرمییەکانی نێوانی لەگەڵ سوپای پاسداران دەبێتە پەیوەندی فەرمی و یاسایی و، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت تووندڕۆکان لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە و جەنگیش بەردەوام دەبێت."
 
جبەخانەکانی ئێران
 
ئێران لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستی و نزیکەی 2000 درۆنی هاوێشتووە. نزیکەی 40%ی ئاراستەی ئامانجە ئیسرائیلییەکان کراون و ئەوانیدیکە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان کراون ، کە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لەو وڵاتانەدان. هەرچەندە خێرایی هێرشەکان کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا بەردەوامن. بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و لێكدانەوەی شرۆڤەکاران، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژانی 8 و 9 یەمی جەنگدا، دوو کارگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان وێرانکردووە و ئێستا ئێران ناتوانێت بەو خێراییەی کە مووشەک دەهاوێژێت، مووشەکی نوێ دروست بکاتەوە. شارە مووشەکییە ژێرزەوینییەکان هێشتا ماون، بەڵام دەروازەی تونێلەکان و رێڕەوەکانی گواستنەوەیان بە چڕی دەکرێنە ئامانج.
ىەپێێ سیناریۆی جیاواز کە لەلایەن ناوەندە ستراتیجییەکانەوە خەمڵێندراون، بەڕێژەی 55٪ ئەگەری درێژەکێشانی ئەم جەنگە بۆ 6 تاوەکو 12 هەفتە هەیە. لەم سیناریۆیەدا لایەنەکانی جەنگەکە زیانی گەورەیان بەردەکەوێت. ئەگەری خۆبەدەستەوەدانی ئێران لە ماوەی 4 هەفتەدا، تەنیا بە 15٪ دەستنیشانکراوە.
 
سیناریۆیەکی دیکەی پێشبینیکراوی ئەو ناوەندانە ئەوەیە ئەگەر رووسیا و چین لەڕووی لۆجستیکی و تەقەمەنییەوە یارمەتی ئێران بدەن، پێشبینیکراوە جەنگەکە 4 مانگ تاوەکو 12 مانگ درێژەبکێشت، ئەم سیناریۆیە بەڕێژەی 30٪ ئەگەری هەیە رووبدات. ئەمانە تەنیا سیناریۆی جیاوازن و پێشبینی نین، بەڵام دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران رەنگە ئەو سیناریۆیانە بەدی بهینێت کە ئاماژە بە درێژەکێشانی شەڕەکە دەکەن.
 
گوشاری ئەمریکا لەسەر چین 
 
بۆ تێگەیشتن لەوەی جەنگ چ لە ئابووریی ئێران دەکات، دەبێت بزانین پێش جەنگ لە چ دۆخێکدا بوو. هەڵئاوسان بەرەو 60% دەچوو و تمەن لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدا بوو. بەپێی ئامارەکان، 80%ی دەرمانخانەکانی ئێران لە لێواری مایەپووچبووندا بوون. جەنگ ئەم دۆخەی تەقاندەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل (کۆگای نەوتی شەهران)یان لە تاران و ژێرخانی پاڵاوگەکانیان لەنێوبرد، ئەمەش داهاتی هەناردە و سووتەمەنی ناوخۆی ئێرانی پێکەوە پەکخست. رێڕەوە سێبەرەکانی بازرگانی کە ئێرانیان بە پاڵاوگە چینییەکانەوە دەبەستەوە، ئێستا کەوتوونەتە ژێر مەترسییەوە. چین لە ژێر گوشاری تووندی ئەمریکادایە بۆ راگرتنی کڕینی نەوتی ئێران، بەتایبەت کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، خۆی بۆ میوانداریکردنی دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئامادە دەکات.
جیهان باجەکەی دەدات
 
هەموو وڵاتێکی جیهان باجی ئەم جەنگە دەدات، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان هیچ رۆڵێکیان لە هەڵگیرسانیدا نییە. بەرزبوونەوەی 35٪ی نرخی نەوت تەنیا لە یەک هەفتەدا لە مێژوودا بێوێنە بووە. تەنانەت خێراترە لەو شۆکەی کە بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022 دروستبوو.  شارەزایانی بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانیان بۆ نرخی نەوتی برێنت لە کوتخایەندا گۆڕیوە بۆ نێوان 100-130 دۆلار. بانکی بارکلێز ئەم هەفتەیە هۆشدارییدا کە "وەستاندنی بەرهەمهێنان لە عێراق و کوێت هەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و رەنگە بە تێپەڕبوونی کات ئیمارات و سعودیەش بەخێرایی بگرێتەوە." 
 
رووسیا، لە هەموو رووێکەوە، سوودمەندی ستراتیجیی سەرەکی ئاراستەی جەنگی ئێستایە. کۆشکی کرملین لە رۆژی هەشتەمی جەنگەکەدا بە راشکاوی دانی بەوە دانا کە "داواکاریی بۆ نەوتی رووسیا زیادی کردووە."
 سێ سیناریۆ کە کەس ئاواتی بۆ ناخوازێ
 
سێ سیناریۆ، ئەگەری هەیە رووبدەن. هەریەکەیان بە "ئەگەری کەم، بەڵام کاریگەریی زۆر" هەژمار دەکرێن.
 
یەکەمیان، رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی دەریاییە لە تەنگەی هورمز. ئێران بە فەرمی رایگەیاندووە کە سوپاکەی ئەو کەشتیانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵی تێپەڕبوون دەدەن. تەنیا یەک پێکدادان و هێرشی مووشەکی سەرکەوتوو بۆ سەر کەشتییە جەنگی یان بازرگانییەکانی ئەمریکا بەسە بۆ ئەوەی بەپێی کۆمپانیای راوێژکاری راپیدان ئێنێرجی، نرخی نەوت بەرەو 150 دۆلار ببات و تەنگەی هورمزیش بۆ چەندین هەفتە دابخات. 
 
سیناریۆی دووەم، ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ئەسفەهان کە ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) بڵاویکردووەتەوە وەک پلانێک بۆ "قۆناخێکی دیکەی جەنگ". ئۆپەراسیۆنێک کە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی لەوبارەیەوە داوە. 
 
سیناریۆی سێیەم، چالاکبوونی تەواوی حوسییەکانە لە دەریای سوور. عەبدولمەلیک حوسی، رێبەری حوسییەکان لە رۆژی 5ـی ئەم مانگەدا رایگەیاند "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە". شارەزایانی سەر بە (پەیمانگەی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو) دەڵێن چالاکبوونی حوسییەکان، گورزی دووەم لە رێرەوەی گواستنەوەی نەوت دەدات کە لە مێژووی هاوچەرخ دا هاوشێوەی ئەوە هەرگیز رووینەداوە.
 
چاوەڕوانی چی بین؟
 
کاتێک ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا" دەستیپێکرد، داڕێژەرانی باسیان لە کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و بێ هێزکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرد کە چوار دەیەیە پشتگیریی لە چەندین گرووپ دەکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. دوای 10 رۆژ، ئەو ئامانجانە هێشتا بە دەست نەهاتوون. ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لێیدراوە، بەڵام تێکنەشکاوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوە، گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیشی هێشتا تێکنەشکێنراون.
 
ئێران ناتوانێت ئەم جەنگە بباتەوە، چونکە ئابوورییەکەی زۆر لاواز بووە، سوپاکەی بە خەستی لێیدراوە،  لەڕووی ناوچەیی و نیوەدەوڵەتییەوە گۆشەگیرتر دەکرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەزموونی 8 ساڵی جەنگی عێراق و چوار دەیە سزای ئابووری و ئێستاش کوژرانی رێبەرەکەی هەیە، لەبەرئەوە پێشبینکردنی ئەنجامەکانی ئەم شەڕە هێشتا ئاسان نییە. چونکە ئەم شەڕە ئاگرەکەی هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە و کاریگەرییەکەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆنسەی زێڕ. وێنە: Reuters

ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 70 دۆلار دابەزی

ئەمڕۆ دووشەممە، لەدوای کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 68 دۆلار دابەزی و بە 5090 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زێڕ ئاستی 5036 دۆلاریشت تۆمارکردبوو.